وەزیری دەرەوەی ئێران: پزیشکیان سەردانی چەند شارێکی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات

بریارە سبەی  سەرۆک کۆماری ئێران بۆ گەشتێک بگاتە عێراق، میدیاکانی ئێرانیش دەڵێن، پزشکیان سەردانی هەولێر و سلێمانیش دەکات.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ی ئەیلوول بە میدیاکانی ئێرانی ڕاگەیاند، مەسعود پزیشکیان لە یەکەم گەشتیدا بۆ دەرەوەی وڵات چوارشەممە دەگاتە بەغداد، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لە میانی سەردانەکەیدا چەند ڕێکەوتنێک لە نێوان دوو وڵات واژۆ دەکرێت.

بە گوێرەی عێراقچی پرسی ڕێکەوتنی ئەمنی لە نێوان تاران و بەغدا پرسێکی سەرەکی لە دانوستانەکان دەبێت، وتیشی" پزیشکیان سەردانی هەریەکە لە شارەکانی بەسرە، نەجەف، کەربەلا و هەولێر دەکات".

بەگوێرەی ئاژانسی ئیرنا، نزیک لە حکومەتی ئێران، لە سەردانەکەیدا بڕیارە سەرۆککۆمار سەردانی پارێزگای سلێمانیش بکات.

پزیشکیان رۆژی ٣٠ـی تەمموزی ئەمساڵ، کاتێک لە پەرلەمانی ئێران سوێندی یاسایی خوارد، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بانگهێشتی بەغداد و هەولێریان کرد.




PM:09:56:10/09/2024