ژنێکی تەمەن ١٧ ساڵان لەلایەن ئامۆزای خۆیەوە لە نیکشار سەر بە پارێزگای سیستان و بەلوچستان بە پاساوی "شەرەف و نامووس" کوژراوە.
ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە هەواڵێکیدا بڵاویکردەوە نازەنین بەلوچی تەمەن ١٧ ساڵان خەڵکی نیکشار کە لە تەمەنی ١٤ ساڵاندا بە زۆر هاوسەرگیری پێکراوە، سێ هەفتە لە دوای جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی لەلایەن ئامۆزای خۆیەوە بە چەک کوژراوە و دوو فیشەک بەر سەری کەوتووە".
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ڕێکخراوی هەنگاوی ڕاگەیاندووە" بکوژەکە دوای بیستنی هەواڵی جیابوونەوەی نازەنین لە هاوسەرەکەی، سەردانی ماڵی نازەنینی کردووە، لە دوای لێدان و بێرێزی ویستوویەتی ناچاری بکات کە دان بەوەدا بنێت کە هۆی پەیوەندی لەگەڵ کەسی دیکە جیابووەتەوە، نازەنینیش ئەو شتەی قەبوڵ نەکردووە و ڕایگەیاندووە تەنانەت مۆبایلی نییە و هیچ پەیوندییەکی لەگەڵ کەسی دیکە نییە و بە ناوبژیوانی خزم و و کەسوکاریان ئەو ڕۆژە نازەنین نەکوژراوە".
دەشڵێت" بۆ جارێکی دیکە چووەتە ماڵی نازەنین و لە پێش چاوی خوشکە ١٥ ساڵانەکەی تەقەی لە سەری نازەنین کردووە و کوشتویەتی، دواتر تەلەفۆنی کردووە بۆ کەس و کاری و ڕایگەیاندووە کە لە کاتیکدا نازەنین پاڕاوەتەوە کە نەیکوژێت، بەڵام ئەو کوشتوویەتی".