ئەمڕۆ چوارشەممە دەرچووە سێ یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگهكان لە هەولێر پەیامێکی هۆشداریان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند" لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانمان، بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەین". (لە کاتێکدا لە بازگەی دێگەڵە ڕێگری لە ژمارەیەک دەرچووەکان کرا بچنە هەولێر)
ئەمڕۆ ١١ی ئەیلولی ٢٠٢٤ دەرچووە سێ یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاکان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە بەردەم بینای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە هەولێر ڕایانگەیاند" چەندین جارە نارەزایەتی ئەنجام دەدەین و ڕاگەیاندراو دەخوێننەوە، بەڵام بەبێ ئەنجام بەڕێكراوین".
دەشڵێن" داوا لە مەسرور بارزانی دەكەین بەڵێنێكی بەكرداریان پێبدات و لە ساڵی (٢٠١٧ - ٢٠١٨) چاوەڕوانی بڕیاری ئەوین بۆ دامەزراندنمان".
جەختیشیانکردەوە کە بەردەوام دەبن لە هەوڵەكانیان تا مافەكانیان بەدەستدەهێنن.
ئاماژەیان بەوەشکرد، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان، ئەوا بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەكەن و ناچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ بەشێک لە سێ یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاكانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، بە مەبەستی بەشداریکردنیان لە گردبوونەوەکە ویستیان بچنە هەولێر، بەڵام لە بازگەی دێگەڵە ڕێگریان لێكرا.