وەزیری وزەی تورکیا: تا ئێستا گرفت لەنێوان هەولێر و بەغداد بەردەوامە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت

وەزیری وزەی تورکیا هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئاشکرا دەکات و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغداد لەبارەی ئەو دۆسیەیە دەردەبڕێت.

ئالپئەرسلان بایراکتار وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا ڕایگەیاند" بۆ کاری هاوبەش لە بواری وزە پێویستە هەولێر و بەغداد ئیرادەیەکی جدییان سیاسیی هاوبەشییان هەبێت".

ئاماژەی بەوەشکردوە تا ئەم ساتەش گرفت لەنێوان هەولێر و بەغداد لە بواری هەناردەکردنی نەوت بەردەوامە و تەنانەت یەك بەرمیل نەوتیش نەگوازراوەتەوە.

ئەوەشی خستەڕو وەك تورکیا بەردەوام ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە چارەسەرکردنی کێشەکان دوپات کردوەتەوە، هەربۆیە پێویستە لایەنەکانی هەولێر و بەغداد ئیرادەی ڕژدیان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە.

وەزیری وزەی تورکیا ڕونیشی کردەوە، وڵاتەکەی توانای هاوردەکردنی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی لەڕۆژێکدا هەیە.

ئەوە لە کاتێکدایە لە مانگی سێی ساڵی ٢٠٢٣ەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە ڕاگیراوە بەهۆی بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس.




PM:03:57:11/09/2024