پێشبینیەکان بۆ وەرزی بارانی ئەمساڵ راگەیەنرا

شارەزایەکی کەشناسی پێشبینییەکانی بۆ وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ بە تایبەت ئەمساڵی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ راگەیاند و دەڵێت" لەسەری بەگشتی بۆ وەرزی پایز لەناوچەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەم شێوەیە کە ھەر سێ مانگەکەی ئەم وەرزە ئاستی رێژەی بارانبارین کەمتر لە تێکرایەکانی بێت".

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی راگەیاند" بەناوی خودای گەورە و میھرەبان دیارە ساڵ لەدوای ساڵ بەھۆی گەرمبوونی بەردەوامی ھەسارەکەمان گۆڕانکاریەکانی کەش و ھەوا خێراتر و زیاتر دەردەکەوێت لەسەرتاسەری ناوچەکانی جیھان ئەمەش وای کردوە کۆمەڵێک دیاردەی نامۆ و تا ھەندێک نائاساییش رووبدات لە بەشێکی وڵاتانی جیھاندا کە ئەبینرێ لەبەرزبوونەوەی نائاسایی پلەی گەرمی و توند و تیژبوونی دیاردەکانی بەرگەھەوا لەباران و زریانەکان گۆڕانکاری نامۆ لە بارانبارینەکان لە رێژە و دابەشبوونیان بەگوێرەی ناوچە جوگرافیەکان کە ھەمووی لە دەرەنجامی گەرمبوونی زیاتری بەرگەھەوای زەوی و دەریا و زەریاکان سەریھەڵداوە ھاوکات وایکردوە پێشبینیەکانی کەشوھەوا لەبەردەم پێشبینیکەران و دەزگاکانی چاودێری کەشوھەوا قورستر بکات و رووبەرووی گۆرانکاری کتوپر و خێرا ببنەوە بۆ ھەردوو ماوەی کورت و درێژ خایان یان پێشبینیە وەرزیەکان کە وەک پێشتر ناتوانرێ زانیاری دروست و باوەرپێکراو بەدەست بھێنرێ ".

ئاماژەی بەوەشداوە ئەچینە نێو وەرزێکی نوێی بارانبارین و پاش ئەزموونی ئێڵ نینۆی وەرزی رابردوو کە کاریگەریەکانی لە وەرزی زستان بۆ وەرزی بەھاری ٢٠٢٤ دەرکەوت و بارانێکی زۆر و باش ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستانی گرتەوە کە لەسەرەتای وەرزەکەوە چاوەروان دەکرا بارانێکی زۆر ببارێت لە پایزی ٢٠٢٣ بەڵام بینیمان ئەو پێشبینیانە لەسەرەتای وەرزەکە پێچەوانە دەرچوو ، بۆ وەرزی پایزی ئەمساڵ باروودۆخەکە جیاوازتر ئەبێت لە ھاوینی ئەمساڵەوە جارێکی دیکە ساردبوونەوە بەسەر ناوچە ئاویەکانی زەریای ھێمن ڕوویدا و دیاردەی ئێڵ نینۆ کۆتای پێھات، بەڵام ئەم ساردبوونەوەیە بەجۆرێک نیە ھاوشێوەی لانینای دوو بۆ سێ ساڵی ڕابردوو بەھێز بێت و کاریگەری گەورەی لەسەر کەشوھەوای جیھانی ببێت لەھەمان کات ماوەی خایاندنی ئەم قۆناخە لەکاتی ئێستادا پێشبینی ناکرێت زۆر بخایەنێت لە لانینای لاوازدا تا کۆتای ٢٠٢٤ ئەمێنێتەوە لە پاشان چاوەروان دەکرێت بگەرێتەوە دۆخی نۆرماڵ و درێژە بکێشێت تا کاتێکی نادیار .

ئاراس جەبار راشیگەیاند" پێشبینی سەنتەرە ئەوروپی و ئەمریکیەکان و سەنتەرەکانی دیکەش کە کۆکن لەسەری بەگشتی بۆ وەرزی پایز لەناوچەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەم شێوەیە کە ھەر سێ مانگەکەی ئەم وەرزە ئاستی رێژەی بارانبارین کەمتر لە تێکرایەکانی بێت واتا بە بڕی پێویست باران نابارێت و پایزێکی تا رادەیەک وشک لەناوچەکە چاوەروان دەکرێت ، لێرەدا پێشبینیەکان بەوجۆرەن وەک لەسەرەوەش باسمان کرد گۆڕانکاریەکانی کەش و ھەوا بەجۆرێکن لەوانەیە پێچەوانەش ببێتەوە و بەو شێوە نەبێت کە پێشبینیکراوە ، بەڵام بۆ وەرزەکانی زستان و بەھاری ٢٠٢٥ پێشبینیەکان جیاوازن و پێشبینی دەکرێت دۆخی بارانبارین  لەدوای وەرزی پایز و سەرەتای ساڵی ئایندەوە ھێدی ھێدی ڕوو لە باشبوونەوە بکاتەوە بەڵام ئەوەی زانراوە و گرنگە تەنھا بۆ وەرزی پایزە ، زانیاریەکان بۆ دوو وەرزی دواتری زستان و بەھار تەنھا پێشبینی سەرەتایین و بەدەر نابن لە گۆرانکاری''.





PM:04:40:11/09/2024