ژمارەیەک لە چالاکوانانی کوردی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات لە بەیاننامەیەکدا داوا لە حکومەتی هەرێم و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەکەن نەبنە ئامرازی جێبەجێ کردنی پیلانەکانی ئێران.
لە بەشێیکی بەیاننامەکەیاندا هاتووە "ڕاگواستنی بارگا و شوینی ژیانی ئەندام و بنەماڵەکانی کۆمەڵەکان له زڕگوێزەوە بۆ سوورداش به پیلانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران و یەکیەتی نیشتمانی کوردستان،هەروەها ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بۆ ئێران، بۆته هۆی تۆڕەیی و نارەزایەتی بەشێکی بەرچاوی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی ئازادیخواز و چالاکانی بەرگری مافی مرۆڤ".
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن" درێژەدان بەم هەڵوێستییە پڕ لە خزمەتکارییە ئاشکراو نهێنیە بە دوژمنانی کورد وکوردستان، بێگۆمان لەکۆتاییدا زیانی مەزنتری دەبێت و حورمەتی جەماوەری ڕیزکانی خۆیشتان دەشکێنێت".
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەلات لە ژێر فشاردا ناچاربوون شوێنی کەمپەکانیان بگوازنەوە و ئەوەش هاوڵاتیانی کوردی چوارپارچەی کوردستانی نیگەران کردووە.
دەقی راگەیەنراوەکە
بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
بەرپرسانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان
ڕاگواستنی بارگا و شوینی ژیانی ئەندام و بنەماڵەکانی کۆمەڵەکان له زڕگوێزەوە بۆ سوورداش به پیلانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بڕیاری یەکیەتی نیشتمانی کوردستان،هەروەها ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بۆ ئێران، بۆته هۆی تۆڕەیی و نارەزایەتی بەشێکی بەرچاوی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی ئازادیخواز و چالاکانی بەرگری مافی مرۆڤ.
لای هەموومان ئەو ڕاستیە ئاشکرایە نەیارانی کورد لە وڵاتانی دەروجیران بە درێژایی حەولی تێکۆشەرانی داکۆکیکار بۆ پاراستنی کەرامەتی کوردانە و ئینسانیمانی لەڕیزی ڕێکخراوە خەباتکارەکانمان دا لە هیچ دژمنایەتیەک بۆ تیكدانی ڕیزەکانمان و بەلاڕێدابردنی ئامانجی سەرەکی و لە بنەڕەتدا هاوبەشمان،خۆیان نەپاراستوە. لە هەر دەرفەتێکدا ویستوویانە نەک ڕەنجی کورد بە بادا بدەن، بەڵکوو زەبرێکی گەورە لە یەکیەتی نەتەوەیی و هەرچەشنە خەمخۆری وهاوسۆزیەکمان بوەشێنن. لەم پێناوە دا بە شێوازی جواراوجۆر کۆشاون بە داردەست کردن و بەلاڕێدا بردنی خەباتکارانی نیشتمان بە تاک و کۆ، زەبری کاریگەر لە هەر جۆرە نزیک کەوتنەوە، هاو خەباتی ولە تەنگانەدا بە تەنگ یەکتر چوونمانەوە بوەشێنن. واتە هەرنەبێ "سەروەری مێوانداری" ئەگەر تەنانەت خەڵکی باشوور کورد لە ماڵی کورد بە مێوان حساب کەن! لێمان پووچەڵ کەنەوە.
ئەم دوژمنکاریە بێ بڕانەوەیە یەکەم ئامانجی دڵ ساردکردنەوەی جەماوەری کوردستان بە دواڕۆژی سرفرازانە لە ئاکامی خەباتی خەباتکارن لە کوردستان بە تایبەت باشووری وڵاتمان لەو هەلە تایبەتەدا بوە کە بۆ ئەم هەرێمە ڕەخساوە.
لە شاردنەوە نایێت، زیاتر لە سی (٣٠) ساڵە بە ئاشکراو نهێنی خەباتکارانی بەشێ ڕۆژهەڵات بە تایبەت لە مەڵبەندی دەسەڵاتی سلێمانی، و بە گشتی هەرێم دەبن بە ئامانجی دەزگای ترۆری کۆماری ئێسلامی!!؟ ناو، نیشان و شوێنی ترۆرکرانی سەدان کەس لە تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات بە وردەکاری حاشا هەڵنەگر کە لەم هەرێمە دا لە خوێن گەوزێندراون لە بەردەست دایە.
ئیتر بەزاندنی سنوورە دەسکردەکانی خۆیان و پەلاماری سەربازی تا هاژەک و درۆنباران کردنی مێوانانی ڕۆژهەڵاتی کە پێیان وابوە نەک مێوان بەڵکوو لە ماڵی براکانی خۆیان پەنایان گرتوە لە پەنای بارەگاکانی یەکیەتی نیشتمانیدا هیچ پاساوێک بۆ بێدەنگی و ئەگەری هاو کاری لاوەکی دوژمن بە جۆرێک لە جۆرەکان هەڵ ناگرێت. ئەمە تەنێ خەمی داردەستی و بەلاڕێدا چوونی لاینێک نیە، خەمی بە ئاکام گەیشتنی پلانی تێکدانی ڕیزی کوردستانیان و وێ کەوتنی خەنجەری کوشەندە لە لاین کورد خۆیەوە بە فیتی دوژمنی هاوبەش وەک کارەساتێکە کە بێ شک لەمێژووی ئەو لایەنانەی دەبن بە داردەستی دوژمنانمان بە شوورەیی مەزن تۆماردەکرێت.
ئێمە وەک بەشێک لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی ئاڵمان
داوا و خوازیاری بە پەلەمان له جەماوەری هەرێمی کوردستانهەیە هەتا بەرانبەر بەم کردارگەلە بێدەنگ نەبن.
داوا دەکەین بەڕێوەبەرانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
1. واز لە سیاسەت وکرداری جێ بە جێ کردنی شوێنی تا ئیستا و درێژماوەی پەنابەرانی خەباتکاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بهێنن، ئاسایش وئەمنیەتی گیانیان بپارێزن.
2. وێڕای سەرکۆنە کردنی کرداری ڕادەست کردنەوەی بێهزاد خوسرەوی بە جێد خوازیارین کرداری هاوشێوە دووپات نەبێتەوە.
درێژەدان بەم هاو هەڵوێستیە پڕ لە خزمەتکاریە ئاشکراو نهێنیەبە دوژمنانی کورد وکوردستان، بێگۆمان لەکۆتاییدا زیانی مەزنتری ڕووی لە داڕمانی حورمەتی جەماوەری ڕیزکانی خۆیشتان دەبێت.