ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا هەفتەی داهاتوو لیستی راستکراوەی مووچە رەوانەی بەغداد بکات و لەبەرامبەردا حکومەتی فیدڕاڵ تەواوکاریی مووچەی مانگەکانی پێشوو بنێرێت کە خەرجکردنی راگیرابوو، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی ٨ دابەشبکرێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ١١ی ئەیلوول ڕایگەیاند، پێشوازی لە بڕیار و راسپاردە پەسەندکراوەکانی هەردوو ئەنجوومەنی ئابووری حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم کرد و جەختی لەوەکردووەتەوە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پابەندییەکان لەسەر تەواوکردنی رێکارەکانی هێنانەکایەی ژمارەی وەزیفی بۆ ئەو مووچەخۆرانەی تاوەکو ئێستا تۆمارنەکراون جێبەجێ بکەن و تێبینی و سەرنجەکانی دیکەش لەبەرچاوبگرن، بەجۆرێک لە نزیکترین دەرفەت لە هەفتەی داهاتوودا، لیستی نوێی راستکراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەی وەزیفیان رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکرێت.
ئەنجوومەنی وەزیران داوایکردووە لەبەرامبەردا حکومەتی فیدڕاڵ تەواوکاریی مووچەی مانگەکانی پێشوو بنێرێت کە خەرجکردنی راگیرابوو، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی ٨ دابەشبکرێت و ئامادەکاریی پێویستیش بکرێت بۆ مووچەی مانگی ٩ هاوتای مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.
ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیرە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ بەردەوامبوونی کارکردنی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەت و کەرتە پەیوەندیدارەکان لە هەردوو حکومەت بۆ تەواوکردنی ئەو ئەرکانەی پێیانسپێردراوە لەپێناو گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی ئابووری راسپێردراوە بۆ پەسەندکردنی راسپاردەکانی کۆبوونەوەی هاوبەشیان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی فیدڕاڵ و ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە شاری بەغداد.
لە رۆژانی ٨ و ٩ـی ئەیلوول، ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێم لە هەولێر کۆبوونەوەو بریاردرا ناردنی مووچە تاوەکو سەری ساڵ بەردەوام بێت، بەمەرجێک هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات لەوانە بەبانکیکردنی مووچە، تەواوکردنی بایۆمەتری، لابردنی ناوی دووبارە و چارەسەری گرفتی مووچەی ناوچەدابرێنراوەکان