"بڕیارە هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی ٨ و ٩ رەوانەی هەرێم بکرێت"

بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیستی نوێی راستکراوەی مووچەی مووچەخۆران  رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت و ئەندامێکی لیژنەی دارایی دەڵێت" دوای ناردنی لیستەکە دوو مووچە بۆ هەرێم دەنێردرێت".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ی ئەیلولی ٢٠٢٤ جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق لە لیدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ میدیای پارتی راگەیاند" ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاری داوە لیستی نوێی راستکراوەی مووچەخۆران و ژمارەی وەزیفیان بۆ دارایی عێراق بنێرێت و بە ناردنی لیستی نوێەکە وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی هەردوو مانگی ٨ و ٩ پێکەوە دەنێرێت".
 
جەمال کۆچەر، وتیشی"ناردنی ئەو لیستە راستکراوەیە بە ژمارە وەزیفییەکانەوە کێشەکان چارەسەر دەکات و وادەکات ئاستەنگەکانی رابردووی بەردەم ناردنی مووچە دووبارە نەبنەوە".
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا، "وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکان بە تایبەتیش بەردەوامبوون لەسەر تەواوکردنی رێکارەکانی هێنانەکایەی ژمارەی وەزیفی بۆ ئەو مووچەخۆرانەی تا ئێستا تۆمارنەکراون و رەچاوکردنی تێبینی و سەرنجەکانی دیکە، بە جۆرێک لە نزیکترین دەرفەت لە هەفتەی داهاتوودا، لیستی نوێی راستکراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەی وەزیفییان رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکرێت".
 
ئەمڕۆ ١٢ی ئەیلولە، بەڵام تاوەکو ئێستا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئابیان وەرنەگرتووە.




PM:01:21:12/09/2024