باوكی ژینا ئەمینی: مافی خۆمانە مەراسیمێك بۆ کچەکەم سازبكەین

باوکی ژینا ئەمینی لە دووەمین ساڵیادی مردنی کچەکەیدا ڕایدەگەیەنێت" مافی خۆمانە لە ساڵیادی کۆچی دوایی کچەکەمدا مەراسیمێک سازبکەین". 

ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا، لە پەیامێکی تایبەتدا بە ڕادیۆی فەردای ڕایگەیاندووە" ئەگەر حکومەتی ئێران کۆت و بەندەکانی ساڵی ڕابردوو دروست نەکات، بەهۆی زۆری بانگەواز و داواکارییەکانی خەڵک، ئەوا مەراسیمی ساڵڕۆژی مردنی ژینای کچمان لە ڕۆژی یەکشەممە بەڕێوەدەچێت". 

ئەمجەد ئەمینی وتیشی" ئێمەی بنەماڵەی ژینا ئەمینی وەک هەر بنەماڵەیەکی خەمباری ئێرانی، ڕێوڕەسمی نەریتیمان خۆشدەوێت و مافی خۆمانە و با یادی ئایینی بۆ خۆشەویستە ونبووەکەمان بگێڕین". 

ساڵی ڕابردوو بەمەبەستی ڕێگریکردن لەو ڕێوڕەسمە، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەموو ڕێگاکانی بەرەو گۆڕستانی ژینا ئەمینی داخست و بە کردنەوەی ئاوی بەنداوی (چیراگوێیس) هەوڵیاندا هەوڵیاندا بە داخستنی هەموو ڕێگاکانی پەیوەندی لاوەکی و سەرەکی بە گۆڕستانەکەوە.

ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە (١٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی ئیرشادی تاران درایە بەر لێدان و چووبووە دۆخی بێهۆشی، دوای سێ ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی کەسرای شاری تاران بە هۆی قورسی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.          

هەروەها لە ڕۆژی ١٧ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لەگەڵ ئامادەبوونی زۆری خەڵک و وتنەوەی دروشمی دژ بە حکومەت و دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) مەراسیمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی بەڕێوەچوو، هەروەها دواتر مەراسیمەکە بەشێوەیەکی خێرا گۆڕا بۆ گەورەترین ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە دژی کۆماری ئیسلامی. 

هاوکات ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماری جیاوازیان خستەڕوو بەبێ ئەوەی وردەکاری و ناسنامەی کوژراوەکان ڕابگەیەنن و ژمارەی کوژراوەکانیشیان ڕاگەیاندووە کە زیاتر لە ٥٠٠ کەس بووە. 

ڕاپۆرتەکانی دواتر ئاماژەیان بەوە کرد کە دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی تەنانەت ڕێگریانکردووە ڕێوڕەسمی نەورۆز لە گوندی ئایچی سەر بە سەقز کە دەکەوێتە نزیک گۆڕی ژینا ئەمینییە بەڕێوەبچێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ڕۆژی ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ پەرلەمانی ئەوروپا ناوی براوەی خەڵاتی (ساخارۆڤی) بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئازادی بیرکردنەوە بڵاوکردەوە و خەڵاتەکەش پێشکەشی بنەماڵەی ژینا ئەمینی کرا. 

لە دوای بەخشینی خەڵاتەکەش بە ژینا ئەمینی کچە کوردی رؤژهەڵاتی کوردستان باوکی لە هەژماری تایبەتی خۆی نووسی " ناوی ژینا بووەتە هێمایەکی ئازادیخوازی و یەکسانی‌ خوازی لە جیهان، ژینا نەمردووە، ئێمە لە گەڵی دەژین، هەست دەکەین ئەویش لەگەڵ ئێمە بەمە دڵخۆشە". 



PM:12:44:13/09/2024