ڕەزا عەلایی دەرهێنەری خەڵکی بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکراوە و تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.
بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری بانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی ڕەزا عەلایی، فیلمساز و دەرهێنەری تەمەن ٤٣ ساڵی خەڵکی بانە و ناوبراویان لە بەردەم دەرگای ماڵەکەی دەستگیرکردووە.
هەنگاو ئاماژە بەوەش دەکات، هێزە ئەمنییەکان بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ڕەزا عەلاییان دەستگیرکردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، تائێستا زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستگیرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو، هەروەها شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.
ڕەزا عەلایی دەرهێنەر و فیلمسازی خەڵکی بانەیە کە لەسەر چەند فیلمێکی کورت و درێژ کاری کردووە و یەک لەوان بە ناوی (زەوییە پیسەکان) توانیویەتی لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کەن بەشداری بکات.