کۆمسیۆن: بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات

سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای عێراق ڕایدەگەیەنێت" تا هەفتەی داهاتوو کاتی دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات". 

حاکم عومەر ئەحمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە ١٤ی ئەیلولی ٢٠٢٤ لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە" ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو ناوی كاندیدەکان پەسەند دەكرێن". 

دەشڵێت" چاوەڕواندەكرێت ٢٠ بۆ ٢٥ی ئەم مانگە وادەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبكرێت". 

سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنی هەرێم، حاکم عومەر ئەحمەد جەختیکردەوە کە" هەڵبژاردن بەهیچ جۆرێک دواناخرێت". 

بڕیارە رۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە لە نۆ ئەندام پێکهاتووە، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت. 

هەروەها ١٣ حزبی سیاسی و دوو هاوپەیمانێتی بەشداری لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا دەکەن بە ئامانجی بردنەوەی ٩٥ کورسی گشتی پەرلەمان،
 هەرێمی کوردستانیش بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەشکراوە کە بۆ بازنەی هەڵبژاردنی هەولێر ٣٢ کورسی و بازنەی سلێمانی ٣٦ کورسی و لە بازنەی دهۆک ٢٤ کورسی و لە بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگای هەڵەبجەش ٣ کورسی تەرخانکراوە.



AM:11:50:14/09/2024