وەزارەتی پەروەردە خشتەی دابەشكردنی بەشە وانەكانی بۆ هەردوو وەرزی خوێندنی ئەمساڵ بڵاوكردەوە، خشتەكە هەریەكە لە سیستمی خوێندنی كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، توركمانی و سریانی دەگرێتەوە.
لە گشتاندنێكی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، ئەو ڕێبەرە ساڵی ٢٠١٢ بە هاوكاریی ڕێكخراوی یونسكۆ و لیژنەی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی پەروەردەی عێراق و هەرێمی كوردستان دانراوە، بەڵام بەهۆی زیادكردنی هەردوو بابەتی (كارامەیی و بەهای كۆمەڵایەتی)، هاوكات بەهۆی زیادكردنی پشووی (ڕۆژانی شەممە) بۆ ناوەندەكانی خوێندن، ئەم ڕێبەرە پێویستی بە هەمواركردنەوە بوو.
ئاماژە بەوەشكراوە، ڕێبەرەكە بۆ هەموو ناوەندەكانی خوێندنی حكومی و ناحكومییە، لە باخچەی ساوایانەوە تا پۆلی ١٢ی ئامادەیی، ئەمەش بۆ ئەوەیە پرۆگرامەكانی خوێندن لە كاتی دیاریكراودا لە سەرجەم ناوەندەكان پێكەوە تەواوبن.
ئەوەش خراوەتەروو، كە ڕێبەرەكە بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ دانراوە و ١١٢ لاپەڕەیە، ئەو قوتابخانانەی یەك دەوامن وانەكانیان ٤٠ خولەكە، پشووەكانیان ١٠ خولەك دەبێت، بەڵام ئەو قوتابخانانەی دوو دەوامین، وانەكانیان ٤٠ خولەكە، پشووەكانیان پێنج خولەك دەبێت.