هەر سێ حزبی کۆمەڵەکان لە ساڵوەگەری ٢ ساڵەی کوژرانی ژینا ئەمنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە راگەیەنراوێکدا مانگرتنی گشتیان راگەیاند.
لە راگەیەنراوێکدا هەر سێ باڵی کۆمەڵە داوادەکەن لە ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی کە بووە هۆی ناڕەزایەتێکی بەرفراوان لە سەرتاسەری ئێران ، مانگرتنی گشتیان راگەیاند و داوا لە خەڵک دەکەن بەیانی یەکشەممە ١٥ی ئەیلولی ( ٢٥ی خەزەلوەری ١٤٠٣ ی هەتاوی) کە " یەکپارچە هەموو بازاڕ و ناوەندەکانی حکومی و ناحکومی و شوێنی کارەکانیان دابخەن" و رایانگەیاندووە" جارێکیتر خەڵکی کوردستان بە هاوپشتی و یەکگرتوویی ئیرادەی بەهێزی خۆی وەک هەمیشە بە مانگرتنی گشتی نیشان بدات".
ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە (١٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی ئیرشادی تاران درایە بەر لێدان و چووبووە دۆخی بێهۆشی، دوای سێ ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی کەسرای شاری تاران بە هۆی قورسی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.
هەروەها لە ڕۆژی ١٧ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لەگەڵ ئامادەبوونی زۆری خەڵک و وتنەوەی دروشمی دژ بە حکومەت و دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) مەراسیمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی بەڕێوەچوو، هەروەها دواتر مەراسیمەکە بەشێوەیەکی خێرا گۆڕا بۆ گەورەترین ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە دژی کۆماری ئیسلامی.