بڕیارە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لیستی مووچەی مانگی هەشت رەوانەی بەغداد بکات و لیستی مانگی نۆش لە دوای ٢٠ی مانگ ڕەوانە دەکرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە ١٤ی ئەیلوول بە میدیایی یەکێتی راگەیاند، "سبەی پشووە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە ١٦ی ئەیلوول لیستی مووچەی مانگی هەشت رەوانەی بەغداد دەکەین".
دەربارەی ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق داوای کردبوو لیستی مووچەی مانگی نۆ رەوانە بکەن لەگەڵیدا، سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی وتی، "لیستی مووچەی مانگی هەشت بە جیا دەنێرین، پاش بیستی ئەیلوول لیستی مووچەی مانگی نۆ رەوانەی بەغداد دەکەین".
وەزارەتی دارایی عێراق بڕی یەک تریلیۆن و ١٨١ ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی حەوت و هەشت رەوانە کردبوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی دابەشکرد کە مانگانە ٩٩٨ ملیار دینارە و بڕی ١٨٣ ملیار دینار ماوەتەوە، بڕیارە بەغداد تەواوکاریی مووچەی مانگی هەشت رەوانە بکات کە ٨١٥ ملیار دینار دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولداین و مووچە خۆرانی هەرێم تەنها مووچەی مانگی حەوتیان وەرگرتوە.