یەكێتی زانایانی ئاینی: هەمواری یاسای باری کەسێتی ئەنجامی خراپی دەبێت لەسەر عێراق و كوردستان

یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، سەبارەت بە  هەمواری پرۆژە یاسای باری كەسێتی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت"  ئەنجامی خراپی دەبێت لەسەر عێراق و كوردستان و خزمەت بە كۆمەڵگاو خێزان ناكات".

مامۆستا عەبدوڵا شیركاوەیی، وتەبێژی یەكێتی زانایان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە" یەكێتی زانایانی كوردستان، بایەخی زۆر دەدات بەسەرجەم ئەو پرسانەی روواڵەتێكی ئاینیان هەیەو، پەیوەستن بە لایەنە كەسی و خێزانیەكان".

دەشڵێت" دوای خستنەڕووی پرسی هەمواری یاساكەو دیراسەكردنی بڕگە پێشنیازكراوەكان بۆ هەمواركردنەوە، وای دەبینین، یاسای باری كەسێتی ژمارە(١٨٨)ی ساڵی (١٩٥٩) كارپێكراو، كە لە شەریعەتی ئیسلامەوە وەرگیراوە،  توانیویەتی كاروباری پەیوەیست بە خێزان رێكبخات و، توانیویەتی هاوسەنگی و دادپەروەری لەنێوان پێكهاتەكانی عێراق بە مەزهەب نەتەوەو كلتورە جیاوازەكانیانەوە بەدیبهێنێت و، وەك یاسایەكی شارستانی مامەڵەی لەگەڵ هاوڵاتیان كردووەو، بووەتە سەرچاوەی ئاسایشی كۆمەڵگایی و درێژەدان بە رایەڵەی خێزانیەكان".

لە راگەیەنراوەکەدا وتەبێژەکەی یەکێتی زانایان راشیگەیاندووە" بۆیە وای دەبین، هیچ پێویستیەك بە هەمواركردنەوەی ئەو مادانە ناكات، هیچ بۆشاییەكی یاسایی روینەداوە پێویست بە هەمواركردنەوەی بكات، لەم روانگەیەوە وای دەبینین، پێشنیازی ئەو پرۆژەیە خزمەت بە كۆمەڵگاو خێزان ناكات، بەڵكو ئەنجامی خراپی دەبێت لەسەر عێراق و كوردستان، هەروەك مەبەستی تریشی هەیە، بۆیە ئێمە لەگەڵ پێشنیازی هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسی نین و داوا لەلایەنە پەیوەندارەكان دەكەین ئەوەی پێویستە ئەنجامیبدەن، لە هەستكردن بە بەرپرسیارێتیەوە".




AM:11:29:15/09/2024