لە بەشێکی بەرچاو لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، مانگرتنی گشتی بەڕێوەچو و دوکان و بازارەکان داخران.
بە گوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ی ئەیلولی ٢٠٢٤( ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی) هاوکات لەگەڵ دووەم ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمنینی لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی گشتی بەڕێوەچوو و و کاسبکار و دوکاندارەکان نەچونە سەر کارەکانیانیان.
میدیاکان ڤیدیۆی شارەکانی بۆکان، مهاباد، سنە، دیواندرە وپیرانشار و سەقزو چەند شارێکی دیکەیان بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت دوکان و بازارەکان بە تەواوی داخراون، و پێدەچێت هەموو کوردستان بگرێتەوە.
مانگرتنەکە دوای ئەوە هات بەشێک لە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوکات ڕێکخراوە مەدەنی و چالاکانی سیاسی ڕۆژهەلات بە بۆنەی دوەمین ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینی داوای مانگرتنی گشتیان لە هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردبو.
ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە (١٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی ئیرشادی تاران درایە بەر لێدان و چووبووە دۆخی بێهۆشی، دوای سێ ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی کەسرای شاری تاران بە هۆی قورسی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.
هەروەها لە ڕۆژی ١٧ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لەگەڵ ئامادەبوونی زۆری خەڵک و وتنەوەی دروشمی دژ بە حکومەت و دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) مەراسیمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی بەڕێوەچوو، هەروەها دواتر مەراسیمەکە بەشێوەیەکی خێرا گۆڕا بۆ گەورەترین ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە دژی کۆماری ئیسلامی.
بۆ بینینی وێنە و ڤیدیۆکان جوێنی تیلیگرامی سپی بکەن:https://t.me/speemedia