نێچیرڤان بارزانی ڕایدەگەیەنێت" دابینکردنی بودجە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و هیچ کێشەیەک لەو بارەوە نییە".
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ی ئەیلولی ٢٠٢٤ لە کاتی سەردانیکردنی بۆ ئیدارەی سەربەخۆی قەزای زاخۆ، دەربارەی پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت، لە لێدوانێکدا بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند" هیچ کێشەیەک سەبارەت بە دابینکردنی دارایی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە نییە و دابینیکردنی بوودجەش بۆ فەرمانبەران بەردەوامی هەیە، داوای لێبووردنیش دەکەین هەندێ جار مووچە دوادەکەوێت، بەڵام پێموانییە کێشە بۆ پرسی مووچە دروستبێتەوە".
وتیشی" حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بەردەوامە و دەمانەوێت هەموو ناکۆکییەکان لە چوارچێوەی دەستوورێکی عێراقدا چارەسەر بکەین".
نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگەیاند" تا ئێستا شتێکی وا نییە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، بەڵام کێشە لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییە و ئامادەیە بۆ هەناردەکردن".
لێدوانەکەی بارزانی لە کاتێکدایە، تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی مانگی (٨ و ٩)ی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە.