لە سنووری پارێزگای سلێمانی دابه‌شكردنی نه‌وت ده‌ستپێده‌كات

بڕیارە لە دوای ٢٥ی ئەم مانگەوە پرۆسەی دابەشکردنى نەوتى سپى ماڵان لە پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانى گەرمیان و راپەرین دەستپێبکات. 

بەهمەن قادر وتەبێژى بەنزینخانەکانى سلێمانى، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ی ئەیلولی ٢٠٢٤ ڕایگەیاند" بڕى ١٠٥ ملیۆن لیتر نەوتى سپى بۆ پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەى سەربەخۆى راپەڕین و گەرمیان تەرخانکراوە".

ئەوەشی خستەڕوو، لە دوای ٢٥ی ئەم مانگەوە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان دەستپێدەکات کە بۆ یەک بەرمیل نەوت بڕی ١٠٤ هەزار دینار لە هاوڵاتییان وەردەگیرێت. 

بەهمەن قادر ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەکە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دەستپێدەکات، تا تەواوبوونى ئەو بڕەى تەرخانکراوە، دابەشکردنى نەوتى سپى بەردەوام دەبێت. 

هەفتەی ڕابردووش وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد کە لە ئێستادا دەستیان بە دابەشكردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەكان كردووە و بۆ هەر بەرمیلێكی ٢٠٠ لیتری بڕی ١٠٠ هەزار دینار لە هاوڵاتییان وەردەگیرێت، لەگەڵ ٤ هەزار دینار كرێی گواستنەوە.

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، ساڵی رابردوو بڕى ٢٥٢ ملیۆن لیتر نەوت دابەشکرا کە ١٠٢ ملیۆن لیتری بۆ هەردوو پارێزگای سلێمانى و هەڵەبجە تەرخانکرا، ٩٦ ملیۆن لیتریشی بۆ پارێزگاى هەولێر و ٥٤ ملیۆن لیتریش لە پارێزگاى دهۆک دابەشکرا. 



PM:03:54:15/09/2024