سەربازانی سوپای تورکیا چوونە ناو پڕۆژەی هاوڵاتییەکی گوندی سەرگەلێ لە بناری چیای مەتینا لە ڕۆژهەڵاتی قەزای ئامێدی و دەستیان کردووە بە تاڵانکردن و دزینی کەلوپەلەکانیان.
پێشکەفتی سەرگەلی کە خاوەنی پڕۆژەی بەخێوکردنی مەڕوماڵاتە، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ی ئەیلولی ٢٠٢٤ لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی (سپی) ڕاگەیاند" سەربازانی دەوڵەتی تورکیا لەبەر چاوی من و خەڵکی گوندی سەرگەلێ هاتوونەتە سەر پڕۆژەکەم و ئاسن و کەلوپەلی ناو پرۆژەکە دەدزن کە تەنها ئاسنەکەی ناو بڕۆژەکە بای ٦ دەفتەر دۆلارە".
هەروەها خاوەنی پرۆژەکە وتیشی" زۆر لایەنم ئاگادارکردوەتەوە، بەڵام وەڵامی تەلەفۆنەکەیان نەداوەتەوە".
پێشکەفتی سەرگەلی ڕاشیگەیاند" هیوادارم دەنگم بگاتە مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران کە نزیکەی ٣٠ دەفتەر دۆلارم لە پڕۆژەکەم خەرجکردووە، بەڵام تا ئێستا قەرەبوو نەکراومەتەوە و ١٢١ ملیۆن دیناری حکومەتیشم لایە".
چوونی سەربازانی سوپای تورکیا بۆناو ئەو پڕۆژەیە لە کاتێکدایە، لە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلولی ساڵی ڕابردووش سووپای تورکیا پڕۆژەکەی پێشکەفتی سەرگەلی بۆردومان کردووە.