هاتووچۆی سلێمانی: هیچ بڕیارێک بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا نییە

هاتوچۆی سلێمانی هەواڵی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا رەتدەکاتەوە و دەڵێت" هیچ بڕیارێکی نوێ نییە". 

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی، کەمێک پێش ئێستا لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە" هەندێک دەنگۆ دەربارەی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بڵاوکراونەتەوە و بە ناوی هاتوچۆی سلێمانییەوە قسە کراوە، هەموو ئەو بابەتە دوورە لە راستییەوە و کاڵایەکی خراپی کەمپەینی پێشوەختەی هەڵبژاردنە". 

"هاتوچۆی سلێمانی هۆبەیەکی نییە بە ناوی وتەبێژ و هیچ ئەفسەرێکمان ناونیشان و پۆستی وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی نییە و دەربارەی ئەو جۆرە بابەتە کەس بۆی نییە بەو ناوەوە لێدوان بدات". (هاتوچۆی سلێمانی وادەڵێت)

جەختیشیکردەوە، تا ئێستا هیچ بڕیارێکی نوێ لەبارەی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا نییە.

ڕوونکردنەوەکەی هاتووچۆی سلێمانی لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ بەهمەن عەبدوڵا وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند" تۆماركردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەكانی هاتوچۆی هەرێم لە بەرژەوەندی دۆخی ئەمنی و لە بەرژەوەندی باری دارایی هاوڵاتیاندایە". 

وتیشی" پێشنیار دەكەین سەرجەم ئەو ئۆتۆمبیلانە، ئەوانەی مەرجەكانی سەلامەتی و توندوتۆڵییان تێدایە و لەپشكنین دەردەچن، لە بەرامبەر وەرگرتنی بڕێك ڕسومات تۆمار بكرێن". 



PM:06:46:15/09/2024