بەرپرسێکی حکومەت لە لێدوانێکدا دەڵێت"هەفتەی داهاتوو سەرجەم کێشەکان تایبەت بە مووچە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی چارەسەر دەکرێت و١٤ ڕۆژ دوای ناردنی لیست بۆ بەغدا مووچەی مانگەکانی ٨ و ٩ ڕەوانەی هەرێم دەکرێت".
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسی ڕایگەیاند، دوای ناردنی لیستەکان بۆ بەغدا لەماوەی ١٤ ڕۆژ مووچەی مانگەکانی ٨ و ٩ دێت.
ڕاشیگەیاند، هەفتەی ئایندە سەرجەم دۆسییەکانی تایبەت بە مووچە لەسەر ئەو داواکارییانەی بەغدا هەیبووە لە لیستی مووچە، ناوی دوبارە، کۆدی بایۆمەتری دەبەینە بەغدا و دەخرێتە سەر میزی گفتوگۆکان، و سەرجەم کەیسەکان یەکلایی دەکەینەوە لەگەڵ عێراق.
ئەو بەرپرسەی حکومەت وتیشی، تا کۆتایی ئەمساڵ مووچە بەردەوام دەبێت و مۆڵەت بە هەردوو حکومەت دراوە سەرجەم گرفتەکان چارەسەر بکەن و لە ساڵی نوێشدا ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت و بڕیارە سەرجەم گرفتەکان تا کۆتایی ئەمساڵ چارەسەر بکرێن.
ئومێد سەباح ئاماژەی بۆ ئەوەش دا، بۆهاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان ڕیککار و هەنگاوی تر ماوە چونکە دەبێت لەگەڵ بەغدا لەسەر تەمەنی خانەنشینی و شایستەی داراییان و تەواوکردنی بایۆمەتری ڕێکبکەوین، هاوکات کار بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی دەکەین.
ئەوەش لە کاتێکدایە دوای تێپەڕبوونی ١٥ ڕۆژ لە مانگی ئەیلوول مووچە خۆران تەنها مووچەی مانی تەمووزیان وەرگرتوە.