بە تێچوویەکی زۆر پارتی دوو کەناڵی نوێ دەکاتەوە


پاش چاوەڕوانییەکی زۆر و رشتنی پارەیەکی زۆر کە کەس نازانێت چەندە و سەرچاوەکەی کوێیە، پارتی دیموکرات و بەسەرۆکایەتی مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی کەناڵی " ئاڤا میدیا و کەناڵی شەمس "ی بەزمانی عەرەبی کردەوە.

هەرچی کەناڵی ئاڤا میدیایە لەلایەن کوڕی سەرۆک وەزیرانی " کاربەرێکەر " ئارین مەسرور بارزانییەوە ئیدارە دەدرێت، هەرچی کەناڵی شەمەسە بە بڕیاری مەسعود بارزانی کراوەتەوەو بە زمانی عەرەبی دەبێت.

ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بەهۆی رشتنی پارەیەکی زۆرەوە بۆ میدیاکارانی کەناڵەکانی تر چەندان رۆژنامەنووسی کەناڵەکانی تر پەیوەندیان بە ئاڤا میدیاوە کرد بەتایبەتی میدیای رووداو کە زیاتر لە ١٥ میدیاکاری چوونەتە ئاڤا میدیا، هەروەها لە چەندان کەناڵی ترەوە میدیاکار روویان کردۆتە ئەو میدیایە.

لەمبارەیەوە چالاکوان عوسمان گووڵپی لە پۆستێکدا دەڵێت " ئاڤا میدیا تەنها لەماوەی ٦ مانگدا بڕی زیاتر لە ١١ ملیۆن دۆلاری خەرج کردوە، ئەم میدیایە خاوەنداریەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئارین مەسرور بارزانی".

ئەو چالاکوانە کە باس لەوە دەکات لە ئایندەدا وردەکاری لەسەر تێچوونی ئەم کەناڵە بڵاودەکاتەوە، دەڵێت " ئەوەی ئاڤا میدیا دەڵیت: نەکراوە و نەبینراوە مەبەستی ئەوەیە"، نەکراوە و نەبینراوە ملیۆنان دۆلار خەرج بکرێت لە داهاتی گشتی و کەسیش نەبێ قسە بکات و بە شانازیشەوە باس بکرێت".

لەلایەکی ترەوە، دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی بە فەرمانی خودی مەسعود بارزانی کەناڵێکی دیکەی بەناوی " شەمس " لەشاری هەولێر کردەووە کە بەزمانی عەرەبی کەناڵەکە پەخشی دەبێت.

بەپێی زانیارییەکان، کەناڵەکە کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنوسانی ناسراوی وڵاتانی عەرەب هێناوەو گرێبەستی خەیاڵی لەگەڵ واژۆ کردوون.
بارەگای کەناڵەکە لەناو بینای کەناڵی کوردستان تیڤی و زاگرۆسە لەسەر ڕێگای پیرمام بەرامبەر وەزارەتی پێشمەرگە.

ساڵێک زیاتریشە بە هەمان شێوەی لە سلێمانی کەناڵ ٨ بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی دامەزرا، ئەم کەناڵە سەرەتای دروستکردنی بە فەرمانی لاهور جەنگی بوو لە سەردەمی هاوسەرۆکیدا، بەڵام کە ناکۆکییەکانی نێوان هەردووکیان  تەقیەوە، بافل تاڵەبانی دەستیگرت بەسەر ئەم کەناڵەدا کە نیوەی خەرجی پێشووی لاهور جەنگی بۆی کردبوو، دواتر بافڵ تاڵەبانی تەواویکرد. 




AM:10:45:16/09/2024