" لە هێرشەکەی مەخموردا سێ ژن برینداربوون "


پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ سێ شەممە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا جێگایەک لە کامپی مەخمور لە رۆژئاوای هەولێر دەکرێتە  ئامانج، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان سێ ژنی کەمپەکە برینداربوون یەکێکیان باری تەندروستی ناجێگرە.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " باخچەیەکی ماڵێک کراوەتە ئامانج و تا ئێستا زانیاری ئەوتۆ لەبەردەستدانییە کە کەس گیانی لەدەستدابێت، هەرچەندە سێ ژن برینداربوون و یەکێکیان برینەکەی سەختە، لە کەمپەکەشەوە هیچ لێدوانێک تا ئێستا لەلایەن بەڕێوەبەرانییەوە رانەگەیەندراوە.

ماڵپەڕی رۆژ نیوزیش کە ئۆفیسی سەرەکی لە سلێمانییەو نزیکە لە تەڤگەری ئازادی لە هەواڵێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو هێرشە ماڵی هاوڵاتییەک کراوەتە ئامانج و سێ ژن بریندارە.

بە پێچەوانەی ئەو زانیاریانەوە، دژە تیرۆری ( پارتی )  لە راگەیاندنێکی کورتدا ئاماژە بەوە دەکات کە لەو هێرشەی تورکیادا " چەکدارێکی پەکەکە " کوژراوەو دوانت تریش بریندارن.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ڕۆژی ١٠ـی ئەم مانگە، دەوڵەتی تورکیا دوای ماوەیەکی زۆر لە راوەستانی هێرش بۆ سەر ئەو کەمپە، دەستی بە بۆردومان کردۆتەوە.

کەمپی ئاوارەکانی باکوری کوردستان لە مەخمور دەکەوێتە باکوری رۆژهەڵاتی مەخمورەوەو لە ساڵی ١٩٩٨ ەوە لەو جێگایەدا جێگیرن و زیاتر هاوڵاتی سڤیڵی باکوری کوردستان و لە ساڵی رابردووشەوە لە دەرەوەی کەمپەکە سووپای عێراق نیشتەجێیە و لە ژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە.




PM:01:24:16/09/2024