باندێک بە تۆمەتی گەڕان بەدوای شوێنەواردا دەستگیر دەکرێن

مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەید سادق سەر بە بەشی پۆلیسی سەیدسادق باندێکیان بە تۆمەتی گەڕان بەدوای شوێنەواردا دەستگیرکرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، لە راگەیەنراوێکدا پۆلیسی پارێزگەی سلێمانی ڕایگەیاند' دوای ئەوەی مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق زانیارییان دەستكەوت لەسەر باندێك كە بەدوای شوێنەواردا دەگەڕان و لەناوماڵێکدا تونێلیان لێدابوو بۆ گەیشتن بە شوێنەوارەکان، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد".

ڕوونیشیکردەوە کە دوای چاودێریكردنێكی ورد توانرا باندەکە لەكاتی ئەنجامدانی تاوانەكەیان دەستگیربكرێن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئێستا هەریەك لە تۆمەتباران (أ، أ، أ لەدایكبووی ٢٠٠١– ن، أ، أ لەدایكبووی ١٩٨٧– م، أ، أ لەدایكبووی ١٩٨١– ح، أ، أ لەدایكبووی ١٩٩٠) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٢٤ف٤ لەیاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠٢١ی ئاسار ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لە گەڵیان بەردەوامە.

پۆلیسی سلێمانی ڕاشیگەیاند" تۆمەتباران لەیەکێک لە گەڕەکەکانی قەزای سەیدسادق هەستاون بە هەڵكەندنی تونێلێک لەحەوشەی ماڵەكەی خۆیان بۆ گەیشتن بە شوێنەوارەکان.



PM:01:42:16/09/2024