"جه‌خت له‌ پێویستی بەردەوامبون لە مەشق و ڕاهێنانی شەڕڤانان دەکەینەوە"

فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایدەگەیەنێت" ئامادەین بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هەموو لایەنەكان"، دەشڵێت" جه‌خت له‌ پێویستی بەردەوامبوون لە مەشق و ڕاهێنانی شەڕڤانان دەکەینەوە به‌ بەکارهێنانی ئەو زانیاری و ڕاهێنانانەی کە لە کاتی ڕاهێنانەکەدا وەریانگرتووە". 

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌)، ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٤ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" له‌ میانی كۆبونه‌وه‌یه‌كدا، مه‌زڵوم كۆبانێ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی ناوچه‌ی فورات تیشکی خستە سەر ئەو ئاستەنگە سیاسی، سەربازی و ئابورییانەی کە ڕوبەڕووی ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەبنەوە بەتایبەتی لەلایەن تورکیاوە دژی خەڵکی ناوچەکە و موڵک و ماڵیان". 

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) لە کۆبونەوەکەدا باسی لە چالاکییە سەربازی و ڕێکخراوەییەکانی هەرێمی فورات و ئەنجومەنی سەربازی ڕەققه‌ كرد، هەروەها هەڵسەنگاندنی بۆ ئامادەکاری و ئامادەیی سەربازی هێزەکانیان بەتایبەت هەرێمی فورات و ئەنجومەنی سەربازی ڕەققە کرد بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هەر هێرشێکی ئەگەری دەوڵەتی تورکیا و هەر لایەنێک بۆ سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

هەروەها مه‌زڵوم كۆبانێ جه‌ختی له‌ پێویستی بەردەوامبون لە مەشق و ڕاهێنانی شەڕڤانان كرده‌وه‌ به‌ بەکارهێنانی ئەو زانیاری و ڕاهێنانانەی کە لە کاتی ڕاهێنانەکەدا وەریانگرتوە لە ژیانی پراکتیکیدا بەشێوەیەکی سەرکەوتوو. 

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئەوەش هاتووە" سەرکردەکانی ئەنجومەنی سه‌ربازی ره‌ققه‌ لە كۆبونەوەكەدا جەختیان كردۆتەوە لەسەر پەلەكردن لە دەستپێكردنی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان و ئامادەبونی كورد لە تەواوی دانوستانە نێودەوڵەتییەكاندا". 



PM:07:32:16/09/2024