ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر مووچە و داهات و باج و گومرگ تاوتوێ کران"، دەشڵێت" تا كۆتایی ئەمساڵ پارەی تەواو بۆ مووچە زامنكراوە".
نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٤ لیژنەی دارایی بە ئامادەبوونی سەرۆک و چەند ئەندامێکی لیژنە كۆبووەوە کە تێیدا گفتوگۆ کرا لەسەر ئەو یاسایانەی پێویستە لە ماوەی داهاتوو لیژنەی دارایی کاری لەسەر بکات، وەک هەمواری یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، یاسای بانکی ناوەندی و یاسای بانکەکان لەگەڵ بەدواداچوون بۆ بڕی بەدەستهاتوو لە داهاتە نانەوتییە خەمڵێنراوەکانی یاسای بودجە".
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاندووە" گفتوگۆکراوە لەسەر پلانی ئەو لیژنەیەی بۆ سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان و بەدواداچوون بۆ گفتوگۆ و ڕێکكەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەرێم و بەغداد سەبارەت بە مووچە و داهاتی باج و گومرگ و پرسە داراییەکانی تری نێوان هەردوولا".
نەرمین مەعروف دەشڵێت" پێشنیاز بۆ دامەزراندنی سندوقی سەروەری دەوڵەت و پێکهێنانی تیمێک بۆ پێداچوونەوە بە ڕێکارەکانی حکومەت لە خەمڵاندنی داهاتی وەزارەت و دامەزراوەکان كراوە".
لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە، ئەندامەكەی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت" تا كۆتایی ئەمساڵ پارەی تەواو بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم زامنكراوە و سەرجەم مووچەكانیان پێدەدرێن".