بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە گەڕەکێکی سنووری پارێزگای کەرکوک کارمەندێکی پۆلیس لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا کوژرا.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای کەرکوک، بەیانی ئەمڕۆ ١٧ی ئەیلولی ٢٠٢٤ ڕایگەیاند" ئەمڕۆ لە گەڕەکی شۆراو لەسەر رێگای سەرەکی (کەرکوک – هەولێر) لە نزیک های مۆڵ، کارمەندێکی پۆلیس لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا بە دەستڕێژی گولـلە کوژراوە".
سەرچاوەکە ڕاشیگەیاندووە" لە ئێستادا چەکدارەکان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون، هاوکات تەرمی پۆلیسەکە گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری و پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە".
بەپێی زانیارییەکان، کوژراوەکە ناوی (م، خ، ع)ە، کارمەندی فەوجی دووی پۆلیسی ئامادەی کەرکوک بووە، تائێستا بە فەرمی هۆکاری سەرەکی ڕووداوەکە نەزانراوە.