كەشناسی عێراق: پلەكانی گەرما دادەبەزێت و كەشێكی پایزەیی ڕو لەناوچەكان دەكات

پلەكانی گەرما لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبن لە نزمبونەوە، كەشناسی عێراق دەڵێت پێشبینی باران بارین لەناوچە شاخاوییەكان دەكرێت لەكۆتایی ئەم هەفتەیەدا.

دەستەی كەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق پێشبینیەكانی بۆ دۆخی كەشوهەوا بۆ چەند ڕۆژی داهاتو بڵاوكردەوە، ڕایگەیاند، بەپێی پێشبینیەكانی كەشوهەوا نزمبونەوەی پلەكانی گەرما بەردەوام دەبێت و كەشێكی پایزەیی ناوچەكان دەگرێتەوە.

كەشناسی عێراق ئاماژەی بەوەكردوە، ئەمڕۆ  ئاسمان ساماڵ و پلەكانی گەرما دادەبەزێت و خێرایی با مام ناوەند دەبێت، ڕۆژانی چوارشەممە و پێنج شەممە ئاسمان هەور دەبێت لەناوچەكانی باكور و ناوەڕاست، هەینی نمەباران و بارانی مامناوەند لەناوچە شاخاوییەكانی باكور دەبارێت.

بەپێی خشتەی فەرمی دەستەی كەشناسی عێراق، سبەینێ چوارشەممە بەرزترین پلەی گەرما لە پارێزگای بەسرە ٤١ پلەی سەدی دەبێت، لە كاتێكدا بەرزترین پلەی گەرما لە پارێزگای دهۆك ٣٢ پلەی سەدی دەبێت




PM:09:29:17/09/2024