وەزیری تەندروستی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" وەزارەت نزیکەی ٢٥٠ جۆر دەرمان بەکاردەهێنێت بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە"، دەشڵێت" ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێم لە ژێر ستانداردی نێودەوڵەتییەوەیە".
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە لە هەرێم، وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند" ساڵانە ١٩ ملیۆن حاڵەتی توشبوون بە شێرپەنجە لە جیهاندا تۆماردەکرێت".
وتیشی" هەرێمی کوردستان پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی هەیە کە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا دەستیپێکردووە، پەیوەستە بە تووشبووانی شێرپەنجە، چەند پڕۆژەیەکی دیکەش لە ڕێگادان و خۆشبەختانە حاڵەتەکانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان لە ژێر ستانداردی نێودەوڵەتییەوەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر یەک حاڵەتیش بێت ئێمە بەهەندی وەردەگرین".
سامان بەرزنجی ڕاشیگەیاند" پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ تووشبووانی شێرپەنجە کارێکی زۆر قورس و گرانبەهایە، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان کە ٤٠%ی ئەو نەخۆشانە وەردەگرێت کە لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمەوە دێن و ئەوان دێنە ناوچەکە بۆ وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی، یان بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری، پشکنین و شیکاری و چارەسەری لەیزەر".
لە درێژەی قسەکانیدا بەرزنجی وتی" ئێمە ٢٥٠ جۆر دەرمانمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە، لەنێویاندا نزیکەی ١٢٠ دەرمانی کیمیایی، کە زۆر گرانن، کومەت لەسەدا ٩٠ی ئەو چارەسەرانەی دابینکردووە".
وەزیری تەندروستی هەرێم ڕاشیگەیاند" لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٨٥ ملیار دینار بۆ دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێم تەرخانکراوە".