لیژنەى ئەمنى هەولێر: داپۆشینی جامى ئۆتۆمبێلەکان بە پۆستەر و دروشم قەدەغەیە

لیژنەى ئەمنى پارێزگاى هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداری بە لایەنگرانی پارتە سیاسییەکان دەدات و دەڵێت" كاروانى زۆرى ئۆتۆمبێل و داپۆشینى جام و ژمارەى ئۆتۆمبێلەکان بەسەر شەقامەکاندا رێگەپێدراو نییە". 

لیژنەى ئەمنى پارێزگاى هەولێر، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە هۆشداریەکدا بڵاویکردەوە" چەند شەوێکە لە شەقامە سەرەکیەکانى شار و شوێنە گشتیەکان، کەسانێک بە كاروانى زۆرى ئۆتۆمبێل و داپۆشى جام و ژمارەى ئۆتۆمبێلەکانیان بە وێنه‌ و پۆسته‌ر و دروشم و لۆگۆ و بەکارهێنانى ئامێرى بێزاركه‌ر، جگە لە دروستکردنى قەرەبالغیەکى زۆر و ئاسته‌نگى هاتووچۆ، بوونەتنە هۆى ناڕه‌حه‌تى و بێزارى هاوڵاتییان". 

"ئاگادارى هەموو لایەک دەکەینەوە لە ئەمڕۆوە تاکو دەرکردنى بڕیاری پێویست لەبارەى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن، لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بەهیچ شێوەیەک ئەو کارانە ڕێگە پێداراو نییە". (لیژنەی ئەمنی هەولێر وادەڵێت)

هەروەها هاتووە" پۆلیسى هاتووچۆ، ئاسایش، پۆلیس دەستکراوەکراون بۆ وەرگرتنى ڕێکارى یاسایی لە بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک ئەو جۆرە سه‌رپێچییانە ئەنجامبدات، بەپێچەوانەوە هەر کەسێک پابەند نەبێت دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەى دادەگیرێت".

بڕیارە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، هەروەها دوای پەسەندکردنی ناوی کانیدەکان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە وادەیەک بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریدەکرێت. 

هەروەها ١٣ حزبی سیاسی و دوو هاوپەیمانێتی بەشداری لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا دەکەن بە ئامانجی بردنەوەی ٩٥ کورسی گشتی پەرلەمان، هەرێمی کوردستانیش بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەشکراوە کە بۆ بازنەی هەڵبژاردنی هەولێر ٣٢ کورسی و بازنەی سلێمانی ٣٦ کورسی و لە بازنەی دهۆک ٢٤ کورسی و لە بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگای هەڵەبجەش ٣ کورسی تەرخانکراوە.

دوای بریارێکی دادگای باڵای فیدرالی عێراقیش کە کۆی (١١) کورسیەکەی پێکهاتەکانی هەڵوەشاندەوە و دواتر لە رۆژی ٢٠ی ٥ی ٢٠٢٤ دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا بە تەرخانکردنی ٥ کورسی بۆ پێکهاتەکان کە دوو کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان (یەک کورسی لە سلێمانی، یەک کورسی لە هەولێر)، هاوکات سێ کورسی بۆ پێکهاتەی کلد و سریان ئاشووری و ئەرمەن (یەک کورسی لە سلێمانی، یەک کورسی لە هەولێر و یەک کورسی لە بازنەی هەڵبژاردنی دهۆک) تەرخانکراوە. 

هاوکات لە پەرلەمانی کوردستاندا لە کۆی ١٠٠ کورسی ٣٠ کورسی بۆ کۆتای ژنان دیاریکراوە کە لە بازنەی هەولێر ١٠ کورسی، لە سلێمانی ١١ کورسی، لە بازنەی دهۆک ٨ کورسی، لە هەڵەبجە ١ کورسی بۆ کۆتای ژنان تەرخانکراوە. 



PM:01:41:18/09/2024