سبەی شەپۆلێکی بارانبارین و ھەورە بروسکە روو لە هەرێم دەکات

شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت" سبەی شەپۆلێکی بارانبارین و ھەورە بروسکە روو لە هەرێم دەکات و پلەکانی گەرما بیشێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە ". هەروەها هۆشداری دەدات کە دانیشتوانی ناوچە شاخاویەکان پێویستە ئاگاداری ھەورە بروسکە بن و لەشوێنی بەرز و نەگونجاو خۆیان بەدوور بگرن.

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاند" سبەی ھەینی کەش و ھەوای ھەرێمی کوردستان گۆرانکاری بەسەردا دێت و لە کاتەکانی بەرەبەیانەوە شەپۆلێکی ھەورە بروسکە و تاوە بارانی مامناوەند ناوبەناو بە رێژە و کاریگەری جیاواز ناوچە جیاجیاکانی سنوری پارێزگای دھۆک و ئیدارەی زاخۆ و ناوچە شاخاویەکانی پارێزگاکە دەگرێتەوە و ئاسمان بە زۆری دەگۆرێت بۆ ھەوری تەواو ، لە کاتەکانی نێوان نیوەرۆ بۆ ئێوارە تاوە باران و ھەورە بروسکە ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی سۆرانیش بەشێوەی ناوبەناو ئەگرێتەوە لەگەڵ نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما لەو ناوچانەی بارانەکە زۆر ئەبێت ".

ئاشکراشی کرد " سەبارەت بە ناوچەکانی دیکەی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و کەرکوک و ئیدارەی راپەرین و سەنتەری پارێزگای ھەولێر وەک پێشتر باسمانکرد تەنھا ئەگەری نمە باران ئەبێت لەھەندێ کات و شوێندا و ئاسمان بە زۆری پەڵە ھەور و ساماڵ ئەبێت و پلەکانی گەرما ٢ بۆ ٣ پلە نزمدەبێتەوە ، خێرای با لەسەرخۆ و ھەندێک کات مامناوەند ئەبێت ١٠-٢٥کم/ک ئاراستەی با لەگۆڕاندا ئەبێت".
سەبارەت بە رێژەی بارانی پێشبینیکراوی بۆ سبەی ھەینی ئاراس جەبار دەڵیت" سنوری پارێزگای دھۆک و ناوچە شاخاویەکانی ٥ بۆ ١٥ ملیممەتر ، ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی سۆران ٣ بۆ ١٠ ملیممەتر، سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و کەرکوک و ئیدارەی راپەرین ٠ بۆ ١ ملیممەتر باران دەبارێت".

ئەو شارەزایەی کەشناسی هۆشداری دەدات و وتی" دانیشتوانی ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر پێویستە ئاگاداری ھەورە بروسکە بن و لەشوێنی بەرز و نەگونجاو خۆتان بەدوور بگرن لەبەر ئەوەی لەم کاتەدا جیاوازی پلەی گەرمی زۆرە لەنێوان ھەوای رووکار و بەرزیەکانی سەرەوەی ھەوادا کە ھەوایەکی زۆر سارد ھەیە ئەمانەش ئەبێتە ھۆی دروستبوونی ھەوری کارەبایی و زۆر ناجێگیر کە ھەورە بروسکەی بەھێزیان لێبەرھەم دێت و مەترسیدار ئەبن لەکاتی بەرکەوتن بە مرۆڤ و گیاندارانی دیکە" .

ئاماژەی بۆ ئەوەشداوە کە لەکاتەکانی ئێوارەوە سبەی کاریگەری باران و ھەورە بروسکەکە لاواز ئەبێت و کۆتای پێدێت .

بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینیکراوبەم سیوەیە دەبێت: 
ھەولێر ٣١ پلە
سلێمانی ٣٠ پلە
دھۆک ٢٨ پلە
ھەڵەبجە ٣٢ پلە
کەرکوک ٣٣ پلە
ئیدارەی گەرمیان ٣٦ پلە
ئیدارەی راپەرین ٣١ پلە
ئیدارەی سۆران ٢٧ پلە 
ئیدارەی زاخۆ ٢٨ پلە
حاجی ئۆمەران ٢٢ پلە




AM:09:18:19/09/2024