هەفتەی داهاتوو بڕیار لەسەر پەسەندكردنی ناوی كاندیدان و دیاریكردنی کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەدرێت.
جومانەی غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٩ی ئەیلولی ٢٠٢٤ لە لێدەوانێکدا ئاماژەی بەوەکرد، هەفتەی داهاتوو وادەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریدەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ دیاریکردنی کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، هەر لە هەفتەی داهاتوودا بڕیار لەسەر پەسەندكردنی ناوی كاندیدانیش بۆ هەڵبژاردنی هەرێم دەدرێت.
ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە سەرپەرشتی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی عێراق، ٢ ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٦١ كەس لە هەرێمی كوردستان مافی دەنگدانیان هەیە كە ٢ ملیۆن و ٦٨٢ هەزار و ٩٤٢ دەنگدەری گشتین و ٢١٦ هەزار و ١١٩ دەنگدەری تایبەتن.
هەروەها كۆمسیۆن بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەزار و ٤٢٧ ناوەندی دەنگدان دەكاتەوە كە ٥٥٩ بنکەیان لە سنوری هەولێرە و ٥٣٢ بنکەشیان لە سلێمانییە و ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی دهۆکیش ٢٩٦ بنکەیە و لە سنوری بازنەی هەڵبژاردنی هەڵەبجەش ٢٨ بنکە هەیە.
هاوکات ١٢ بنکەی دەنگدانی دیکەش لە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە، نەینەوا، ئەنبار، واسیت، بەغدادی کەرخ و رەسافەش بۆ دەنگدانی تایبەت دانراون.
١٣ حزبی سیاسی و دوو هاوپەیمانێتی بەشداری لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا دەکەن بە ئامانجی بردنەوەی ٩٥ کورسی گشتی پەرلەمان، هەرێمی کوردستانیش بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەشکراوە کە بۆ بازنەی هەولێر ٣٢ کورسی و بازنەی سلێمانی ٣٦ کورسی و لە بازنەی دهۆک ٢٤ کورسی و لە بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگای هەڵەبجەش ٣ کورسی تەرخانکراوە.
هەروەها لە دوای بریارێکی دادگای باڵای فیدرالی عێراقیش کە کۆی (١١) کورسیەکەی پێکهاتەکانی هەڵوەشاندەوە و دواتر لە رۆژی ٢٠ی ٥ی ٢٠٢٤ دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا بە تەرخانکردنی ٥ کورسی بۆ پێکهاتەکان کە دوو کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان (یەک کورسی لە سلێمانی، یەک کورسی لە هەولێر)، هاوکات سێ کورسی بۆ پێکهاتەی کلد و سریان ئاشووری و ئەرمەن (یەک کورسی لە سلێمانی، یەک کورسی لە هەولێر و یەک کورسی لە بازنەی هەڵبژاردنی دهۆک) تەرخانکراوە.
لە پەرلەمانی کوردستاندا لە کۆی ١٠٠ کورسی ٣٠ کورسی بۆ کۆتای ژنان دیاریکراوە کە لە بازنەی هەولێر ١٠ کورسی، لە سلێمانی ١١ کورسی، لە بازنەی دهۆک ٨ کورسی، لە هەڵەبجە ١ کورسی بۆ کۆتای ژنان تەرخانکراوە.