دوو بەندکراوی سیاسی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا

دوو بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ئەوینی تاران لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ پێنج شەممە بڵاویکردەوە" دوو بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ئەوینی تاران بە ناوەکانی مەهدی حەسەنی و بێهرووز ئیحسانی ئیسلاملوو، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئیمان ئەفشاری سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا و ئەو سزایەش بەشێوەیەکی فەرمی بە پارێزەرەکانیان ڕاگەیەندراوە". 

ڕێکخراوی هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی "ئەندام بوونیان لە بزووتنەوەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران (ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق) دژ بە ئاسایشی نیشتیمانی" تۆمەتبار کرابوون. 

ئەوەشی خستەڕوو، مەهدی حەسەنی تەمەن ٥٢ ساڵ و خەڵکی شاری ڕەی، ساڵی ٢٠٢٢ لە کاتی ڕۆیشتنە دەرەوەی لە ئێران، لە شاری زەنجان دەستگیرکرا و بۆ بەندیخانەی ئەوین گواسترایەوە، هەروەها بێهرووز ئیحسانی ئیسلاملوو تەمەن ٦٤ ساڵ هەر لە ساڵی ٢٠٢٢ لە ماڵەکەی خۆی لە تاران دەستگیرکرا و بۆ زیندانی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئەوینی تاران گواسترایەوە. 



PM:03:34:19/09/2024