یەکێک لە دوو گەنجە عەرەبەکەی تەقەیان لێکرا گیانی لە دەستدا.. ئاسایش راگەیاندنێک بڵاودەکاتەوە


ئەمڕۆ هەینی یەکێک لەو دوو گەنجە عەرەبەی لەلایەن گەنجێکی کوردەوە لە سلێمانی تەقەیان لێکرا، گیانی لە دەستدا، ئاسایشی هەرێم رایگەیاند کە تەقەکەرەکە گیراوە، بەڵام نە پیشەکەی نە باس لە مۆڵەتی چەکەکەی کراوە.

شەوی رابردوو لە سلێمانی لە شەقامی مەلیک مەحمود گەنجێک لەسەر شکاندنەوەی ئۆتۆمبیل تەقەی لە دوو گەنجی تر کردو هەردووکیان برینداربوون، ئەمڕۆ یەکێکیان گیانی لە دەستدا، دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەی راگەیاند.

لە راگەیاندنەکەدا هاتووە" دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو ٢٠٢٤/٩/١٩ لە شەقامی مەلیک مەحمود لەشاری سلێمانی دەمەقاڵێ و ئاڵۆزی لە نێوان سەرنشینانی ( دوو )ئۆتۆمبێل دروست دەبێت، شۆفێری یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان بەچەکی جۆری (دەمانچە) دوو هاوڵاتی بریندار دەکات و بەداخەوە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی یەکێکیان و تۆمەتبار بەخێرایی شوێنی ڕووداوەکە بەجێدەهێڵێت و هەڵدێت".
هەروەها هاتووە "بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی بەهاوکاری هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لەماوەی کەمتر لە( ٥ )کاتژمێر تۆمەتباری تەقەکەر دەستگیرکرا و ڕووبەڕوی یاسا کرایەوە".

ئەمە چەند جارێکە لە هەرێم لەلایەن گەنجی کوردەوە تەقە لەسەیرانکاری عەرەب دەکرێت، لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا ئەو چەکانەی تەقەی پێدەکرێت، یان بێ مۆڵەتە، یان چەکی دەست لایەنە ئەمنیەکان و کوڕانی بەرپرسن.




PM:12:23:20/09/2024