قوباد تاڵەبانی: هەنگاوەکانی بۆ چارەسەرکردنی گرفتی مووچە دڵخۆشکەرن

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی گرفتی مووچە لەنێوان عێراق و هەرێم بەرەو ئاستێکی باش نراون و دەڵێت" هەنگاوەکان دڵخۆشکەرن".

لەمیانی بەشداریکردنی لە دووەمین پێشانگای ساڵانەی نێکست ستێپ لە سلێمانی قوباد تاڵەبانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ساڵێک زیاترە هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی گرفتی مووچە لەنێوان عێراق و هەرێم بەرەو ئاستێکی باش نراون، و گرفتەکانمان وردە وردە بچوک کردۆتەوە و هیوامان ئەوەیە بەیەکجاری بنبڕبکرێت".

ڕاشیگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی ئەنجومنەی ئابوری حکومەتی فیدڕاك و ئەنجومەنی ئابوری حکومەتی هەرێم  چەند کێشەیەک چارەسەر کراوە و زۆر بابەتی تر ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، و ئەمڕۆش بەرهەمی ئەو دانوستانە ناردنی ئەو جیاوازییە مووچەیەبوو کەبۆ مانگەکانی حەوت و هەشت بڕدرابوو.

وتیشی" هێشتا بڕێک ماوە بۆئەوەی بتوانین پارەت تەواوی مووچەی مانگی هەشت تەواو بکەین، بەڵام هەنگاوەکان باشن و دڵخۆشکەرن".
قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند" شاندەکەی هەرێم بۆ یەکخستنەوەی خانەنشینی و هەندێک بابەتی تر دەچنە بەغدا و ئومێد دەکەین ڕێککەوتنی تەواو بکرێت".

دەربارەی سەرژمێری قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند" پێویستمان بە سەرژمێری هەیە، بەڵام دەبێت سەرژمێرییەکی پاک و بێگەرد بێت، دوور لە ناکۆکی سیاسی و لایەنی بێت، و ئومید دەکەین وەک سەرژمێرییەکانی تر نەبێت کە بەسیاسی کراون و مافی کورد و هەندێک نەتەوە پێشێل کراوە، و سەرژمێری ڕێگایەک نەبێت بۆ چەسپاندنی ئەو غەدرەی لە کورد کراوە."




PM:01:12:22/09/2024