وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ژمارەیەک ڕێنمایی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە و لە یەکێک لە ڕێنماییەکاندا دەڵێت" هەر کاندیدێک بەرپرسیارە لە لێکردنەوە و پاککردنەوەی وێنەکانی".
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم، ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات کە پابەندبن بە ڕێنماییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی هەرێم.
دەقی ڕێنماییەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەمشێوەیەیە:
- ڕێگە نادرێت لایەنە سیاسییەکان وێنە و پۆستەری کاندید و حزبەکانیان لەسەر دیوار، ستوون و بەربەستە گشتییەکان بە بزمار، سیکۆتین و لەزگە هەڵبواسن.
- ڕێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی ناو پارکەکان بە هەرشێوەیەک بێت.
- ڕێگە نادرێت بە بەکارهێنانی قوم، چیمەنتۆ و بلۆک بۆ ڕاگرتنی تابلۆ و کەرەستەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
- ڕێگە نادرێت بە هەڵواسینی تابلۆ و پۆستەر لەسەر هێماکانی هاتوچۆ.
- ڕێگە نادرێت شوێنەوار و ناوچە شوێنەوارییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکار بهێنرێن.
- ڕێگە نادرێت پۆستەری کاندیدان لەسەر دیواری فەرمانگە حکوومییەکان، مزگەوت، زانکۆ و قوتابخانەکان هەڵبواسرێت.
- هەر شارەوانییەک سەرباری ئەو ڕێنماییانە، دەتوانێت ڕێنمایی تایبەت بەخۆی بۆ بەرژەوەندیی موڵکی گشتی و پاراستنی پاکوخاوێنی دەر بکات.
- لە دوای تەواوبوونی بانگەشە، هەر کاندیدێک بەرپرسیارە لە لێکردنەوە و پاککردنەوەی وێنەکانی.
- ئەگەر کاندیدێک پابەند نەبێت، ئەوا پۆستەرەکانی لە لایەن تیمی شارەوانی لا دەبردرێن و دووچاری سزای یاسایی دەبێتەوە.
بڕیارە دەنگدانی تایبەت لە ڕۆژی ١٨ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت و ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەكەمیش دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقیش سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكە دەکات.