بەندیخانەی ئێڤین؛ زیندانیکراوێکی کورد دۆخی تەندروستی ناجێگیرە

بەندکراوێکی ئایینی کورد و خەڵکی بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی ئەشکەنجەی جەستەیی و گوشاری دەروونییەوە تووشی نەخۆشی بووە و لە مافی چاودێری و چارەسەری پزیشکی بێبەشکراوە. 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" لوقمان عەلیزادە بەندکراوی ئایینی تەمەن ٣٤ ساڵ و دانیشتووی گوندی (سەراوقامێشی) سەر بە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران لە مافی چارەسەری پزیشکی بێبەشکراوە". 

ڕێکخراوی هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، لوقمان عەلیزادە لە بەندیخانەی ئێڤین تووشی هەوکردنی توندی ڕیخۆڵە بووە و پێشتریش جارێک نەشتەرگەری بۆ کراوە و تا ئێستا بە تەواوی چاک نەبووەتەوە، هەروەها بەهۆی گوشاری ئەشکەنجەدان تووشی نەخۆشی دڵ بووە و بەهۆی ڕێگری بەرپرسانی بەندیخانەکە و ناوەندی دادوەری لە ناردنی بۆ ناوەندە پزیشکییەکان بێبەشکراوە.

لوقمان عەلیزادە ساڵی ڕابردوو دوای چەند مانگ لە ئەشکەنجەدانی لە زیندانە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە.



PM:06:53:22/09/2024