وەزارەتی شارەوانی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا ئەو رێوشوێنانە بڵاودەکاتەوە لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا دەبێت لەلایەن لیست و کاندیدەکانەوە پەیڕەویبکەن.
ئەمڕۆ دوو شەممە وەزارەتی شارەوانی رێنوماییەکانی خۆی بۆ کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن کە پێشبینی دەکرێت ٢٥ ی ئەیلول دەستپێبکات بڵاوکردەوە.
لە یەکێک لەو رێنوماییانەدا هاتووە " رێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی، دوورگەی ناوەندی و نێو پاركە گشتییەكان بە هەر جۆرە كەرەستەیەك.
رێنوێنییەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەمانەن:
- رێگە نادرێت وێنە و پۆستەری حیزب و بەربژێرانی لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیوار، ستوون و بەربەستە گشتییەكان بە بزمار و لەزگە و سیكۆتین هەڵبواسرێن".
دەقی رێنوماییەکانی وەزارەتی شارەوانی هەرێم:
- رێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی، دوورگەی ناوەندی و نێو پاركە گشتییەكان بە هەر جۆرە كەرەستەیەك.
- رێگە نادرێت بە بەكارهێنانی قوم، لم، چیمەنتۆ و بلۆك بۆ راگرتنی تابلۆ و كەرەستەكانی دیکەی بانگەشە.
- رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەكان لەسەر هێمای هاتووچۆ و تابلۆ رێنیشاندەرەكان، یان هەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەكانی ئۆتۆمبێل، كە ببێتە هۆی دروستبوونی رووداوی هاتووچۆ.
- رێگە نادرێت شوێنەوار و شوێنە كولتوورییەكان بۆ هیچ جۆرە بانگەشەیەك و هەڵواسینێك بە هیچ جۆرە مادەیەك بەكاربهێندرێن.
- رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەری بەربژێرانی حیزب و لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیوار و شورای فەرمانگەكانی حكومەت و شوێنە گشتییەكان وەك مزگەوت، نەخۆشخانە، زانكۆ، قوتابخانە... هتد.
- هەر شارەوانییەك بەپێی تایبەتمەندیی دەڤەری خۆی، سەرەڕای ئەو خاڵانە، دەتوانێت رێكاری تایبەت بە خۆی بۆ بەرژەوەندیی موڵكی گشتی و پاراستنی پاكوخاوێنیی شار دەربكات.
- لە دوای تەواوبوونی بانگەشە، هەر بەربژێرێك بەرپرسیارە لە لێكردنەوەی وێنە و تابلۆكان و پاككردنەوەی شوێنەكە.
- ئەگەر بەربژێرێك پابەند نەبێت بە رێنماییەكان، ئەوە پۆستەر و بانگەشەكەی لەلایەن تیمەكانی شارەوانی لادەبرێت و كاردانەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت.
بڕیارە 20ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. تاوەکو ئەمڕۆش بە فەرمی رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری نەکراوە، هەرچەندە پێشبینیدەکرێت ٢٥ ی ئەم مانگە دەستپێبکات.