وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند " هێشتا ٢٤٣ ملیار دینار کورتهێنانیان هەیە و لەبەر ئەوە ناتوانن لە ئێستادا موچەی مانگی ئاب دابەش بکەن".
دوو شەممە هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە کەناڵی "کەی ئێن ئێنی" رایگەیاندووە" دوای ئەوەی دوێنێ وەزارەتی دارایی عێراق بڕی ٥٧٢ ملیار دیناری خستوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم و لەگەڵ ئەو بڕەی پێشتر ناردویەتی لە ئێستادا ٧٥٥ ملیار دیناریان لەبەردەستە".
دەشڵیت " وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ موچەی هەر مانگێک ٩٩٨ ملیار دیناری پێویستە و لەبەرئەوە لە ئێستادا بەو ٧٥٥ ملیار دینارە ناتوانن موچەی مانگی ئاب دابەش بکەن، چونکە ٢٤٣ ملیار دینار کورتهێنانیان هەیە.
وتەبێژی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشکرد ئەمڕۆ بە فەرمی داوای رونکردنەوە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەکەن و چاوەڕێ دەکەن بەغداد لە نزیکترین کاتدا پارەی تەواوکاری موچە بنێرێت و لەگەڵ ناردنیشیدا بە بەزوترین کات دەست بەدابەشکردنی موچەی مانگی هەشت دەکەن.