سزای لەسێدارەدانی بەندکراوی سیاسی کورد کە پێشتر بە تۆمەتی "موحارەبە" سزای سێدارە بەسەردا سەپێنرابوو، لەلایەن دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتڕاستکرایەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" لەم دواییانەدا سزای سێدارەی حاتەم ئۆزدەمیری تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی پارێزگای ئاگری کوردستانی تورکیا کە لەلایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ورمێ-وە بە تۆمەتی موحارەبە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو و دۆسیەکەی دوای ناڕەزایەتی پارێزەری بەرگرییەکەی ڕەوانەی دادگای باڵا کرابوو پەسەند کرا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، حاتەم ئۆزدەمیر ساڵی ٢٠١٨ لەگەڵ کۆمەڵێک لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەکانی سنووری چالدیران کەوتنە بۆسەی هێزەکانی بنکەی حەمزە سەیدوشوهەدای سوپای پاسدارانی ئێران و حاتەم ئۆزدەمیر لە ئەنجامی تێکهەڵچوونی چەکداری و تۆپبارانی ناوەچەکە لە کاتێکدا بە گولـلەی ئەو هێزانە بریندار کرابوو، دەستگیرکرا و بۆ دەستبەسەرگەی قەرارگای ڕەمەزانی سپا لە ورمێ گواسترایەوە.
ڕێکخراوی هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" ئەم بەندکراوە سیاسییە پاش نزیکەی ٥٠ ڕۆژ لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدان لەم دەستبەسەرگەیەدا لە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمێ گواستریەوە و لە ساڵی ٢٠٢١یشدا پاش ٣٣ مانگ لە دەستبەسەرکردنی کاتی و زەوتکردنی مافی دانانی پارێزەر لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی خۆی بە تۆمەتی بەغی بە سزای لەسێدارەدان و بە تۆمەتی ئەندامبوون لە گرووپی تیرۆریستی سزای ٥ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێنرا".
هەنگاو دەشڵێت" دوای ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بڕیارەکە دۆسیەکەی بۆ تانەدان ڕەوانەی دادگای باڵای وڵات کرا و لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ سزای لەسێدارەدانی لەلایەن لقی ٩ی دادگای باڵاوە هەڵوەشێنرایەوە و بۆ دووبارە پشکنین ڕەوانەی لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ورمێ کرا، هەروەها دانیشتنی دادگای ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە ئەمساڵ لە لقی ئاماژەپێکراو بەڕێوەچوو و دواتر سزای سێدارەکەی لە بەندیخانەی ورمێ بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا".
ئەوەشی خستەڕوو، ئەم بەندکراوە سیاسییە لەم ماوەیەدا سەرەڕای ئەوەی تووشی نەخۆشی بەردی گورچیلە بووە و پێداگری پزیشکەکان بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە خزمەتگوزاری دەرمانی بێبەش بووە.