چەكدارانی گروپی داعش 93 هاوڵاتی کورد لە سوریا ئازاد دەکات، کە لەمانگی شوباتی ئەمساڵەوە لە سوریا رفێندرابون، تائێستاش 70 هاوڵاتی دیکەی کوردی دەستبەسەر کردوە.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بارەگای سەرەکی لە لەندەنە، ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا داعش (100) هاوڵاتی کوردی لە سوریا رفاند، کە لەڕێگادا بون لە باکوری سوریاوە رو لە عێراق بکەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، داعش ئەو کەسانەی بە تۆمەتی ئەندام بون لە پارتی یەکێتی دیموکراتی کورد لە سوریا (پەیەدە) دەستگیر کردبو، بەڵام ئەمڕۆ (93) کەسیانی ئازادکردبو، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکاری ئازادنەکردنی ئەو کەسانەی دیکە بکات.
لای خۆشیەوە رامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سوری رایگەیاند: "(53) کەس لە ئازادکراوەکان لە شاری مەنبیجی سەر بە ریفی حەلەب ئازادکراون کە لەژێر کۆنتڕۆڵی داعشدایە، پاش ئازادکردنیان رویان لە تورکیا کردوە، بەڵام ئازادکراوەکانی دیکە رەنگە تائێستا لەناو سوریادا بن''.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، تائێستا (70) هاوڵاتی دیکەی کورد لەلایەن داعشەوە دەستبەسەرن، کە لەماوەکانی رابردودا رفێندرابون.
لە مانگی ئەیلولی رابردوشدا، داعش (46) رفێندراوی تورکیای پاش سێ مانگ دەستبەسەر کردن ئازادکردو حکومەتی تورکیاش رەتیکردەوە، هیچ پەیوەندی و بڕە پارەیەکی دابێت لەبەرامبەر ئازادکردنیاندا.