کەمێک پێش ئێستا کۆمسیۆنی باڵای عێراق سبەی چوارشەممەی وەک دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند" لە کاتژمێر (١٢:٠٠)ی ئەمشەوەوە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕۆژی ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بانگهشهی هەڵبژاردن كۆتایی دێت.
هەروەها کۆمسیۆنی عێراق داوا لە کاندید و لایەنەکان دەکات پابەندی ڕێنماییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بن.
ئەوەشی خستەڕوو، لیستی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کراون کە ژمارەیان هەزار و ١٩٠ کەسە.
بڕیارە ڕۆژی ٢٠ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و دەنگدانی تایبەتیش رۆژی ١٨ بەڕێوەدەچێت و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرەشتی هەڵبژاردنەکە دەکات.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ٢ ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٥٧٨ کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە ٢ ملیۆن و ٦٨٣ هەزار و ٦١٨ یان دەنگدەری گشتی و ٢١٥ هەزار و ٩٦٠یان دەنگدەری تایبەتن.
هەروەها بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ١٤٣١ بنکەی دەنگدان دەبن و ١٢٦٦ـیان بنکەی دەنگدانی گشتی و ١٦٥یان بنکەی دەنگدانی تایبەتن.