نەرمین مەعروف: بەمزوانە دۆلاری كاش لە فرۆكەخانەكانی هەولێرو سلێمانی دەدرێت بە گەشتیاران

بانکی ناوەندی دڵنیاییدا کە چەند رێکارێکی نوێیان گرتووەتەبەر و بەم نزیکانە چەند بانکێک لەو دوو فڕۆکەخانەیە دەستبەکاردەبن لە خزمەتگوزاری فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران.

نەرمین مەعروف ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ی ئەیلوول لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیس بووک رایگەیاند، بەمزوانە دۆلاری كاش لە فرۆكەخانەكانی هەولێرو سلێمانی دەدرێت بە گەشتیاران.

ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی دەشڵێت"ئەمڕۆ لە بانكی ناوەندی لەگەڵ عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی گفتوگۆ و بەدواداچونی بۆ چەند پرسێکی پەیوەندیدار بە کەرتی بانکی لە هەرێمی کوردستان كردووە، لەنێویشیاندا مافی پێدانی دۆلاری کاش بەو هاوڵاتیانەی هەرێم کە گەشتدەکەن لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و هەولێر".

نەرمین مەعرووف باسی لەوەش کرد"سەرەڕای هەوڵەكانمان لە ماوەکانی پێشوودا بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەو بابەتە، بەڵام چەند ئاستەنگێک بووەتە هۆی راگرتنی".

ئاماژەی بەوەشکردووە کە پارێزگاری بانکی ناوەندی دڵنیاییدا کە چەند رێکارێکی نوێیان گرتووەتەبەر و، بەم نزیکانە چەند بانکێک لەو دوو فڕۆکەخانەیە دەستبەکاردەبن لە خزمەتگوزاری فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران




PM:10:41:24/09/2024