ڕۆژنامەنووس و ئابووریناسێکی کورد و خەڵکی ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" مستەفا نێعمەتی تەمەن ٤٨ ساڵ لەلایەن دادگای تاوانەکانی تاران بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی حکومەت بە ٨ مانگ بەندکردن و بێڕێزی بە پیرۆزییەکان بە ٤٠ مانگ بەندکردن و، هەروەها بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان بە ١٦ مانگ بەندکران و ١٥ ملیۆن پێبژاردنی پارە و بە گشتی بە ٦٤ مانگ سزای زیندانیکردن سزا دراوە".
هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا بەرانبەر بە ٤٠ مانگ زیندانیکردن بۆ ناوبراو جێبەجێدەکرێت.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بە ڕێکخراوی هەنگاوی ڕاگەیاندووە" لە ڕۆژانی ڕابردوودا مستەفا نێعمەتی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی، لەلایەن لقی ١ی بەڕێوەبردنی سزاکانی دادگای گشتی و شۆڕشی تاران بۆ بەندیخانەی ئێڤین بانگکراوە".
مستەفا نێعمەتی، ئابووریناس و نووسەرە لە ڕۆژنامەی (تجارت فردا) و لە ئەندامانی گروپە شاخەوانییەکانی ئاودانانە.
هەروەها، مورتەزا نێعمەتی، مامۆستای زانکۆ و برای ئەم ڕۆژنامەوانە ساڵی ڕابردوو لە پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی (ژن ژیان ئازادی) لە وانەوتنەوە بێبەشکرا.