وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" پرۆسەی ژماردنی دەنگی دەنگدەران بەشێوەی دەستی و ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدرێت".
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" پرۆسەی ژماردنی دەنگی دەنگدەران بەشێوەی دەستی و ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدرێت، گەر جیاوازی ژماردنەکە ٥% بوو ئەوا پشت بە ژماردنی دەستی دەبەسترێ".
هەروەها وتیشی" ئگەر جیاوازی نێوان ژماردنی دەستی و ئەلیکترۆنی زیاتر لە ٥% بوو، ئەوا بنکەکە بە تەواوی دەگوێزرێتەوە بۆ ناوەندی وردبینی و دووبارە دەنگەکان بە دەست دەژمێردرێنەوە".
وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەشڵێت" کامیرای چاودێری لە بنکەکانی دەنگدان دادەنرێت و مافی دەنگدەر بۆ دەنگدان بە شێوەی نهێنی پارێزراو دەبێت، لە ڕێگەی کامیراکانەوە چاودێری پرۆسەکە دەکرێت و دەبێت دەنگدەر ئازادانە دەنگ بدات".
جومانە غەلای وتیشی" کارتی بایۆمەتری گەرەنتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەشێوەی پاک و خاوێن دەکات، چونکە کارتەکە ساختە ناکرێ و پەنجە مۆر و وێنەی دەم و چاوی دەنگدەری پێوەیە، کەس ناتوانێت لە جێگەی کەسی تر دەنگ بدات".
وتەبێژی کۆمیسیۆنی عێراق ڕاشیگەیاند" بەکارهێنانی ئامێری ئەلیکترۆنی بۆ لێکۆڵینەوەیە لە ئەنجامەکان و خێرا دەرچوونی ئەنجامەکان، ئەم ئامێرە باوەڕ پێکراوە و لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تاقیکراوەتەوە".
جومانە غەلای ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دەرگای بۆ چاودێرانی ناوخۆی و نێو دەوڵەتی کردووەتەوە تا چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن، هەروەها ڕاگەیاندکاران و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان ئامادەییان لە هەموو بنکەکانی دەنگدان دەبێت.
دوێنێ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆی وەك رۆژی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد و لە (١٥) تشرینی یەكەمی داهاتوو كۆتایی دێت.
بڕیارە ڕۆژی ٢٠ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و دەنگدانی تایبەتیش رۆژی ١٨ بەڕێوەدەچێت و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرەشتی هەڵبژاردنەکە دەکات.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ٢ ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٥٧٨ کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە ٢ ملیۆن و ٦٨٣ هەزار و ٦١٨ یان دەنگدەری گشتی و ٢١٥ هەزار و ٩٦٠یان دەنگدەری تایبەتن.
هەروەها بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ١٤٣١ بنکەی دەنگدان دەبن و ١٢٦٦ـیان بنکەی دەنگدانی گشتی و ١٦٥یان بنکەی دەنگدانی تایبەتن.