لە یەکەم ڕۆژی هەڵمەتی هەڵبژارندا نێوانی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی تێکدەچێت

ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر دروشمی هەڵبژاردن گرژی دەکەوێتە نێوان هەردوو بەرپرسی باڵای حکومەتی, ( ماوە بەسەرچوو ) مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی-یەوە. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، تائێستا لەسەر ئەو دروشمەی یەکێتی (کۆتایی پێ دەهێنین) بارگرژییەکە لە نێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی دروستبووە. 

لە لایەکی ترە پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، لەسەر گۆڕینی نوسینی سەرەکی سەر فەیسبووکەکەی قوباد تاڵەبانی کە کردوویەتی بە (کۆتایی بە دەسەڵاتی خۆسەپێن دەهێنین)، پێشەوا هەورامی نوسیویەتی" جەنابی بەرێز كاك قوباد ئێمە هێشتا لەناو كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانین و بەڕێزت وەك جێگری سەرۆك وەزیرانی ئەم دەسەڵاتە دانیشتوویت لە بەرامبەرم، كەواتە كامە دەسەڵات، قەسدت ئەمەیە كە ئێستا كۆبووینەتەوە یان دەسەڵاتێكی دیكە هەیە". 

هەروەها پێشەوا هەورامی دەشڵێت" ئێ با دوای كۆبوونەوە ئەم كەڤەرەت بگۆڕیایە". 

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بەڕێوەچووە و هەریەک لە قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی بەشداربوون لە کۆبوونەوەکەدا و باسی دوو خاڵی سەرەکی کراوە.

لە بڕگەیەکی کۆبوونەوەکەدا بابەتی فەرمانبەرانی گرێبەست و سێ یەكەمەكانی زانكۆ پەیمانگاكان تاوتوێ کراوە، لەگەڵ خستنەڕووی دوا پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بەسەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق کەوا بڕیارە لە ڕێککەوتی ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ بکرێت.



PM:01:00:25/09/2024