ھاتووچۆی ھەولێر لە ئاگادارییەکدا سەبارەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" پێویستە جامی ئۆتۆمبێل و ژمارەی تابلۆ دانەپۆشرێن بە ئاڵا و لۆگۆ و وێنەی کاندیدەکان".
بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی ھەولێر، لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" بەھۆی دەستپێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، داوا لە سەرجەم لیست و لایەن و کاندیدەکانی دەکەین کە لە ماوەی رێگەپێدراو بۆ بانگەشەکردن وێنە و پۆستەر و بڵاوکراوەکانیان بە ستوونەکانی ترافیک لایت و ھێماکانی ھاتوچۆدا ھەڵنەواسن و وێنەی گەورە لە نزیک سوڕانەوەکان و سەر شۆستەی چوار رێیانەکان دانەنێن بۆ ئەوەی نەبێتە ھۆکاری بەربەستی بینین لە بەردەم شوفێران".
هەروەها هاتووچۆی هەولێر داواش دەکات، جامی ئۆتۆمبێل و ژمارەی تابلۆ دانەپۆشرێن بە ئاڵا و لۆگۆ و وێنەی کاندیدەکان.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر لە ئاگادارییەکەدا داواش لەو کەسانە دەکات کە بەشداری بانگەشەی ھەڵبژاردن دەکەن لە دواوەی ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر سەرنەکەون و جەستەیان لە جامی ئۆتۆمبێلەکان نەھێننە دەرەوە، رێگا و شەقامە گشتییەکان نەگرن لەپێناو دروستنەبوونی ئاستەنگی ھاتووچۆ و پاراستن و روونەدانی رووداوی نەخوازراو.