شارەزایەکی کەشناسێ رایگەیاند" بەهۆی چالاکبوونی بای باکوری رۆژھەڵات لە سبەی بەدواوە پلەکانی گەرما لە لە ناوچەکانی دەڤەری راپەرین و سنوری پارێزگای سلێمانی و ناوچە شاخاویەکانی ئیدارەی سۆران نزم دەبنەوە، بەڵام لە لەسەرجەم ناوچەکانی دیکەی ھەرێم پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە".
ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی ئەمشەو چوارشەممە لە لاپەڕەی فەڕمی خۆی بڵاویکردەوە کە " لە ئەنجامی چالاکبوونی بەرزەپاڵەپەستۆی سیبیریا کە بارستە ھەوایەکی ساردی لەگەڵدایە بۆ سەر ناوچەکانی ئێران و بەتایبەت باکوری وڵاتەکە و رۆژھەڵاتی کوردستان و کاریگەری لاوەکی لەسەر کەشی ناوچەکانی رۆژھەڵاتی ھەرێمی کوردستان لە سبەی ئێوارەی پێنجشەمەوە ٢٦ی ئەیلول بای باکوری رۆژھەڵات بەسەر ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و بەگشتی ناوچە سنوریەکانی رۆژھەڵات چالاک ئەبێت بەخێرای ١٥کم تا ھەندێک کات بۆ زیاتر لە ٤٠کم لە کاتژمێرێکدا بەھۆی ئەوەی بایەکی فێنکە و لەناوچە شاخاویەکانەوە دێت".
ئەو شارەزایەی کەشناسی دەڵێت" لە ناوچەکانی دەڤەری راپەرین و سنوری پارێزگای سلێمانی و ناوچە شاخاویەکانی ئیدارەی سۆران پلەکانی گەرما ٢ تا ٣پلە نزمدەبنەوە و کاریگەریەکانی تا ناوەراستی ھەفتەی داھاتوو رۆژی دووشەمە ٣٠ی مانگ بەردەوامی ئەبێت ".
ئاشکراشی کردووە" ئەم بایە کاریگەری لەسەر ناوچەکانی دیکە نابێت یان زۆر لاواز ئەبێت بۆیە پلەکانی گەرما لەسەرجەم ناوچەکانی دیکەی ھەرێم لەو ماوەدا بە پێچەوانەوە بەرزدەبێتەوە و کەش گەرمتر ئەبێت بەڕاورد بە رۆژانی ڕابردوو ".