وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتی" شاندی دارایی عێراق پێێیان وتوون کە ئەوان نوێنەری هەرێمی کوردستان دەبن و ئامادەیی خۆشیان دەربڕیوە لەو چوارچێوەیەدا کێشەی مووچە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بنبڕ چارە بکەن".
ئەمشەو چوارشەممە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠٢٤ پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە میدیای پارتی راگەیاند" سەرۆکوەزیران بە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی ڕاگەیاندووە، کە دەبووایە گەلی کوردستان قەرەبووی هەموو ئەو زیانانە بکرێتەوە کە بە هۆی کۆمەڵکوژی و وێرانکاریی لە دەیەکانی ڕابردوو بەسەریدا هێنراون ".
وتیشی" کە سەرۆکی حکوومەت بە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی ڕاگەیاندووە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییە یاسایی و دەستوورییەکانی بەزیادەوە جێبەجێ کردووە. دەبووایە حکوومەتی عێراق تاوەکو ئێستە، قەرەبووی ئەو زیانانەی خەڵک و هەریمی کوردستان بکاتەوە کە لە دەیەکانی ڕابردوودا بەهۆی سیاسەتی ڕژێمی لەناوچوو تووشی کۆمەڵکوژی و وێرانکاری ناوچەکانی بووەتەوە".
وتەبێژەکەی حکومەتی هەرێم راشیگەیاند" شاندی پەرلەمانی عێراق وێرای دڵخۆشی خۆیان بەم کرانەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیان کردووەتەوە کە ئەوان نوێنەری هەرێمی کوردستانیش دەبن ئامادەیی خۆشیان دەربڕیوە لەو چوارچێوەیەدا کێشەی مووچە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بنبڕ چارە بکەن و کار بکەن بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دەستووردا کار لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت بکەن لەسەر پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان و هەرێم بەشێک بێت لە رێککەوتنەکان".
ئەم قسانە لە کاتێکدایە کە رۆژی سێشەممە ٢٤ی ئەیلولی لەپاش ٥٧٢ ملیار دینارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق ڕەزامەندی دا بە خەرجکردنی ٢٤٣ ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێم، کە تەواوکەری ئەو ٨٦٠ ملیارەیە، کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە ڕاگیرابو، بەڵام تا ئێستا لیستی مووچە رانەگەیانراوە.