پەخشان عەزیزی ڕۆژنامەنووس و بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ئێڤین کە لە ئێستادا سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمڕۆ پێنج شەممە بڵاویانکردەوە" پەخشان عەزیزی ژنە رۆژنامەنووس و بەندکراوی سیاسی کورد، بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە لە زیندانی (ئەڤین)ەوە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە".
ئاماژە بەوەشدەکەن، لە ئێستادا ئەو ژنە ڕۆژنامەنوسە لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە.
ڕۆژی ٢٣ی تەموزی ئەمساڵ پەخشان عەزیزی لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی "ئەندامێتی لەو گروپانەی دژی حکومەتی ئێران شۆڕشی چەکدارییان کردووە" سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، لە ئێستاشدا ڕێگری لێدەکرێت کە لەگەڵ خێزان و پارێزەرەکانییدا چاویان بە یەکتر بکەوێت.
پەخشان عەزیزی ساڵی ڕابردوو، لە شارۆچکەی خەرازی شاری تاران لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکرا بوو، هەروەها دواتر لە بەندیخانەی ئێڤین بۆ بەندی ژنانی ئەو بەندیخانەیە گواسترایەوە.